ههولێر و بهغدا سهبارهت به ههناردهى نهوتى كهركووك بۆ جهيهان گهيشتنه رێككهوتن
نەوتی کەرکووک بە رێگای بۆری ههرێمی كوردستانهوه بۆ بەندەری جهیهان ھەناردەی تورکیا بکرێت
K24 – كهركووك:
حکومەتی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان گەیشتووهتە رێکكەوتن، کە نەوتی کەرکووک بە رێگای بۆری ههرێمی كوردستانهوه بۆ بەندەری جهیهان ھەناردەی تورکیا بکرێت، وەک یەکەم ھەنگاویش بڕیاری راگرتنی ھەناردەی نەوتی کەرکوکی داوە بۆ ئێران.
وابڕیارە سەرەتایی مانگی نۆڤێمبەر، عێراق بەتەواوی پاشگەزبێتەوە لە رێکەوتنێکی پێشوتری لەگەڵ ئێران، کە رۆژانە 30 ھەزار بەرمیل نەوتی بە تانکەر ھەناردەی ئەو وڵاتە دەکرد.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بەپێی دەستوری عێراق، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی نەوتی شارەکەی ھەیە، بێ ئاگان و ھیچ پرس و راوێژێکیان پێی نەکراوە لەم بابەتە.
لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە کەیسی چۆنێتی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، کەیسێکی نادیار و تاڕادەیەکیش شاراوە بووە و ھیچ لە بەرپرسانی پارێزگاکە ئاگایان لێی نەبووە، بەڵام حزبە سیاسیيەکان زانیاری وردیان ھەیە لەسەر بەقاچاغ بردنی نەوت بە رێگای تانکەر.
پێش شانزەی ئۆکتوبەر، شەش ھەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان، مانگانە لەسەر پارەی پترۆدۆلار، موچەیان وەردەگرت، ئێستا ئەوەش نەماوە، کە پێشوتر مانگانە 10 ملیار دینار لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەھاتە سەر حسابی ئیدارەی شارەکە.
دواجار بەرپرسانی عێراق لەوە تێگەيشتن کە تەنھا دەروازەی سەلامەت بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکوک ھەرێمی کوردستانە، ھەر بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم گەشتوونهتە رێكکەوتن.