بە تەمەنترین ژنی جیھان لە ھەرێمی كوردستانە

ئێستا لە كەمپی ئاوارەكان ژیان بەسەردەبات

K24 - دھۆك

بە گوێرەی ناسنامە و بەڵگەنامەكان، بە تەمەنترین ژن ئێستا لە ھەرێمی كوردستانە و كەسوكاریشی داوا دەكەن ناوی وەك بە تەمەنترین ژنی جیھان لە كتێبی گینس تۆمار بكرێت.

رەوشێ قاسم، وەك خۆی دەڵێت، بە تەمەنترین ژنی جیھانە و ئێستا تەمەنی 131 ساڵە، دوای ھاتنی داعش ناوبراو ئاوارەی دھۆك بووە و لەنێو یەك لە چادرەكانی كەمپی كەپەرتۆ ژیان بەسەردەبات، ئێستا ھەوڵدەدرێت لەسەر ئاستی جیھان ئەو ئافرەتە بناسێندرێت و وەك بە تەمەنترین ژنی جیھان ناوی لە كتێبی گینس تۆمار بكرێت. ئەوە لە كاتێكدایە كتێبی گینس ئافرەتێكی ژاپۆنیی تەمەن 117 ساڵەی وەك بە تەمەنترینی جیھان تۆمار كردووە.

ئەو زۆر لە رووداوە مێژووییەكانی وەبیرماوەو باس لەوە دەكات سەردەمی شەڕی شیر و تیر دەكات.

باسم شنگالی، یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی رەوشێ و بە كوردستان24 گوت: "ئێستا رەوشێ خواردنی كەم دەخوات، یەكێك لەو خواردنانەی گەلێكجار دەیخوات مۆزە، ھەروەھا تائێستا جگەرە دەكێشێ".

گوتیشی: "دەمانەوێت ناوی رەوشێ بچێتە پەرتوكی گینس و ناوی وەك بە تەمەنترین ژنی جیھان تۆماربكرێت.

رەوشێ قاسم، خەڵكی كۆمەڵگەی بارێی سەر بە قەزای شنگالە، ئەو دووجار ھاوسەرگیری كردووە و نزیكەی 300 منداڵ و نەوەی ھەیە. لە دوای شەڕی داعشەوە بۆ شنگال، لە كەمپی كەپەرتۆ لە سنووری پارێزگای دھۆك ژیان بەسەردەبات.

ھ.م