یەكگرتوو زامەكانی ساڕێژ دەكات

بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرەی پێش وەختە دەدرێت

K24 - سلێمانی

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەی بووەتە ھۆی پاشەکشێی ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشووی ھەرێمی كوردستان و عێراق، كە دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە گوێرەی زانیارییەكان لە ھەفتەی داھاتوودا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەكگرتوو کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بەستنی کۆنگرەی پێش وەختەوە دەدات، ئەمە لەکاتێدایە ھێشتا دوو ساڵی ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی ھەشتەمی ئەو حزبە.

ھەرچەند تەنھا دووساڵ بەسەر بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان تێپەڕێووە، بەڵام پاشەکشێ یاخود کەمبوونەوەی دەنگەکانی، ئەو حزبەی ناچار کردووە بیر لە بەستنی کۆنگرەی ھەشتەم بکاتەوە، لەپێناو خۆ نوێکردنەوە و گۆڕانکاری ریشەی.

شێروان شەمێرانی، راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر بگەینە ئەو بڕوایەی كە كێشەكان بە كۆنگرە چارەسەر دەكرێت، ھیچ رێگرییەك نییە بۆ پێشخستنی كۆنگرە، بەڵام ئەگەر كۆنگرە كاریگەری نەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، باشترە كە لەكاتی خۆیدا بكرێت".

گوتیشی: "ئەو گرفتانەی كە یەكگرتوویان تووشی ئەو دۆخە كردووە دیاركراون، دەبێ چارەسەر بكرێن، بە بەستنی كۆنگرەبێت یان بێ كۆنگرە".

لە پەیڕەوی ناوخۆ لە مادەی نۆیەمی ئەو حزبەدا ھاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتی ھەیە بەکۆی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی  دوای دوو ساڵ بەسەر بەستنی کۆنگرە، سەرلەنوێ ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و ئۆرگانە ناوەندییەکانی حیزب و بەرپرسی مەڵبەندەکان ئەنجام بدات. ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات، ئەوەی تەنھا لەلای یەکگرتووەکان گرنگە خۆ نوێکردنەوەیە، گرنگیش  نییە کێ لە کۆنگرە سەردەکەوێ و دێتە پێشەوە بۆ خزمەتکردن.

یەحیا ریشاوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "لە ئەنجوومەنی گشتی كۆمەڵێك بڕیار و راسپاردەمان دەركردووە، كە ھەموو دەچێتە خانەی نوێبوونەوە بۆ نانی ھەنگاوێكی دیكەی یەكگرتوو بۆ پێشەوە، دانمان بەوەداناوە ئەو پاشەكشەی لە دەنگەكانی یەكگرتوو ھەبووە پێویستی بە بەخۆداچوونەوە ھەیە، ئومێد دەكەین لە كۆبوونەوەی داھاتووتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوو ئەنجامبدرێت بڕیاری نوێی تێدا بدرێت".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 1994ەوە دامەزراوە و تائێستا حەوت کۆنگرەی کردووە و ئەنجوومەنی سەکردایەتی لە 35 ئەندام پێکھاتووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 رای زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی بۆ دەربازبوون لەو پاشەکشێی دووچاری حزبەکەیان بووەتەوە، تەنھا و تەنھا بەستنی کۆنگرەی پێش وەختەیە.

ھ.م