كوردستان24.. سێ ساڵ رووماڵ و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام

كوردستان 24 پێده‌نێته‌ ئه‌زموونی چواره‌م ساڵییه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەردامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن و یەکەمین پەخشی کوردستان 24, وەك کەناڵێکی ئاسمانیی پێشەنگ لە میدیای کوردستاندا.

ئەم کەناڵە لە بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی سەختی کوردستاندا دەستی بەکارکرد، بە گوتەی شارەزایانی بواری راگەیاندن، لەوانەش  تۆڕی میدیایی فرانس 24، کە راهێنانیان بە ستافی تەلەڤزیۆنی کوردستان 24 کردووە، ئەم کەناڵە توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و هەم لەناوخۆی کوردستان و هەم لەدەرەوەدا ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵ، ئەوان هیواخوازیشن کوردستان 24 لە سەر رەوتی راستگۆیی و پێدانی زۆرترین زانیاری بەردەوام بێت.

کوردستان 24 سێ ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، دەستی بە پەخش کرد و لەماوەیەکی کورتدا توانی ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری راست و درووست لەسەر رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و زۆرجاران بووه‌تە سەرچاوەیەك بۆ میدیای جیھانی .

دەستبەکاربوونی ئەم کەناڵە هاوکات بوو لەگەڵ بارودۆخێکی یەکجار هەستیار لە کوردستان و عێراقدا. ئەم کەناڵە لە کاتێکدا دەستی بە را‌هێنان و پەخش کرد کە بەشێکی زۆری خاکی عێراق و دەڤەری شنگالیش کەوتبوونە دەست تیرۆریستانی داعش. حکومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبوو.

بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا توانرا لەبارەی چۆنیەتیی ئامادەکردن و پێشكەشكردنی هەواڵ و گواستنەوەی ھەواڵ و رووماڵكردنی رووداوەكان و پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی، بە هاوکاری تیمێک لە شارەزایانی تۆڕی میدیایی فرانس 24 راهێنانێکی تێر و تەسەل و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان بە کارمەندانی کوردستان 24 بدرێت.

ئانتوان کۆرمێری، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای فرانس 24, یه‌كێك له‌ راهێنه‌ر ده‌ڵێت: "بۆ من و بۆ ئەکادیمیای فرانس 24 و هەموو راهێنەرەکان بەشداریکردنمان لە پرۆژەیەکی بە‌هێزی وەک کوردستان 24 بیرەوەرییەکی سەرسووڕهێنەرە. ئەو کەسانەی بڕیاری کردنەوەی ئەم کەناڵەياندا زۆر بوێر بوون، چونکە سێ ساڵ پێش ئێستا داعش تەنیا چەند کیلۆمەترێك لە هەولێر دوور بوو. ئێمە خۆشحاڵ بووین کە بووینە بەشێک لەم سەرکەوتنە. کوردستان 24 سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی تۆمار کردووە، چونکە بە گوێرەی ستانداردە بەرزەکان کار دەکات. ئێمە هەواڵەکانی کەناڵەکەتان بەکاردەهێنین، چونکە دەزانین جێی متمانەن و لە هەر شوێنێک هەواڵ هەبێت، ئێوە لەوێن" .

ئێستاش پاش تێبپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی تەلەڤزیۆنەکە، شارەزا و راهێنەرانی فڕەنس 24 خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بەوەی بەرهەمی ماندبوونیان بە فیڕۆ نەچووە و کوردستان 24 بە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو ناو دەبەن کە جێی متمانەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانە.

رۆبێرت پارسۆن، گەورە پەیامنێر و شرۆڤەکاری فرانس 24 گوتی: "لەیادمە لە هۆتێلێک لە هەولێر دەستمان بە راهێنان کرد و دواتر لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا پێشکەوتنێکی یەکجار بەرچاومان لە تەلەڤزیۆنەکەدا بینی. ئەمەش شتێکی سەرسووڕهێنەر بوو. وەک لە دروشمی کوردستان 24دا دەردەکەوێت ئێوە کوردستانتان بردە سەکۆ جیهانییەکان و جیهانتان هێنایە کوردستان. ئەمڕۆ كاتێك کەناڵی وەك فڕەنس 24 و بی بی سی و کەناڵەکانی دیكە، کوردستان 24 دەکەن بە سەرچاوەی هەواڵ، ئەوە راستییەكە دەیسەلمێنێت ئێوە لەناو ژینگەیەکی یەکجار سەختدا هەواڵەکان بە راستگۆیی و وردی و بابەتیانەوە رووماڵ دەکەن".

به‌ گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌و راهێنه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌، كوردستان 24 وێڕای ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو، هاوكات خەڵکی تامەزرۆ و داهێنەر لەناو ستافەکەدا هەبوون.

چارڵز وینتی، پرۆدیوسەری هەواڵ لە فرانس 24يش ده‌ڵێت: "خەڵکی تامەزرۆ و داهێنەر لەناو ستافەکەدا هەبوون کە وزەیەکی یەکجار زۆریان هەبوو. ئەمڕۆش لە شاشەی کوردستان 24ەوە دەبینین کە رەنجمان بە فیڕۆ نەچووە و ئێستا ئەم تەلەڤزیۆنە لەسەر ئاستی جیهان، بووەتە ناوێکی ناسراو .

 تیمی راهێنەرانی فرانس 24 هیوادارن کوردستان 24 بەردەوام بێت لە پێشخستنی میدیا لە کوردستان و رووماڵی بابەتیانە، راستگۆیانە و هاوسەنگ، پەرە پێبدات.

ئ. م