عارف تەیفور: ھەر لایەنێك لەگەڵمان بێت ناكرێ لە نیوەی رێگا جێمان بێڵێ

حاكم قادر: ئەركە سەرەكییەكە لەسەر شانی پارتی و یەكێتییە

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ شاندێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی مەڵبەندی 1ی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كرد و ھەردوولاش ئەوە دەخەنەڕوو كە شاندیان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم ئامادەكردووە.

عارف تەیفور، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی- هەڵەبجە، لە كۆنگریەكی ھاوبەش لەگەڵ حاكم قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "نامانەوێت جارێكی دیكە حكوومەتی بنكە فراوان لە كوردستان دروست ببێتەوە، چونكە زەرەرمان لێكردووە و ھەموو لایەنەكان جێیان ھێشتین ئێمە و یەكێتیان بە تەنیا ھێشتەوە، بۆیە دەمانەوێت بۆ داھاتوو ھەر لایەنێك لەگەڵمان بێت لە ھەموو دۆخێك تاسەر لەگەڵمان بێت و لە نیوەی رێگا جێمان نەھێڵێ".

گوتیشی: "لیژنەیەكمان بۆ گفتوگۆ دروستكردووە و ئومێد دەكەین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو لیژنەیە لەگەڵ لایەنەكان بكەوێتە گفتوگۆ، پێش ھەموویان بۆچوونی یەكێتی لەسەر پێكھێنانی حكوومەت وەردەگرین".

عارف تەیفور، راشیگەیاند: "بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم پێكدەھێنرێت و بەمجۆرە ھەر لایەنە و ھەقی خۆی وەردەگرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "راستە وەك پارتی 45 كورسیمان ھەیە و تەواوكردنی رێژەی یاسایی لە پەرلەمان بۆ پارتی زەحمەت نییە، بەڵام بۆ پێكھێنانی حكوومەت پێویستمان بە یەكێتییە و لەگەڵ یەكێتی دەكەوینە گفتوگۆ، دواتر لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش گفتوگۆدەكەین".

حاكم قادر، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: "یەكێتی لە واقیعی ئێستای كوردستان و ناوچەكە تێدەگات و ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی ھەوڵدەدەین حكوومەتی داھاتوو حكوومەتێكی شەفاف بێت و خزمەتی زیاتر خەڵك بكات، بەپێی پێگەی یەكێتی و لەسەر بنەمای ھاوبەشی راستەقینە بەشداری لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم دەكەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "یەكێتی شاندێكی بۆ گفتوگۆ ئامادەكردووە و باوەڕمان بەوە ھەیە ھەر نیگەرانی و كەموكوڕییەك ھەبێت دەتوانین چارەسەری بكەین، چونكە ئەركە سەرەكییەكە لەسەر شانی پارتی و یەكێتییە".

ھ.م