پاڵاوگە نایاسییەكانی نەوت دادەخرێن

نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە ھەرێمی كوردستان ھەن

K24 - سلێمانی

بە مەبەستی داخستنی پاڵاوگە نەوتییە نایاساییەکان، ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، لەماوەی دوو مانگی داھاتوودا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە ھەرێمی كوردستان دابخات. بەشێك لە پالاوگە نایاساییەکان دەکەونە ناوچەی تانجەڕۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش وایکردووە  ژیانی زۆرێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە سەخت بكات.

لە ‌ھەرێمی کوردستان نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی ھەن و 40 پاڵاوگەیان دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی، زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکانی سلێمانیش دەکەوێتە ناوچەی تانجەڕۆ.

مارف محمەد، ھاوڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەی تانجەڕۆییە و دەڵێ: "كارگەكان ھەموو ناوچەكەیان گڵاوكردووە و بۆنێكی ناخۆش لەو ناوچەیە ھەیە و ھەموومانی ھەراسان كردووە".

ھەروەھا بەھار ئەحمەد، ھاوڵاتییەكی دیكەی ئەو ناوچەیە و رایگەیاند: "داوا دەكەین ئەو پاڵاوگانە دابخرێن، چونكە بۆنێكی زۆر ناخۆشی ھەیە و بێزاربووینە، سەرەڕای ئەوەش لە ناوچەكەمان ئاو نییە".

پالاوگە نایاساییەکان ھەم لە رووی ژینگەو ھەم لە رووی دروستکردنی بەرھەمێکی بێ کوالێتی کاریگەری خراپیان بەجێ ھێشتووە. لیژنەی  سووتەمەی  ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ زیاتر کۆنترۆڵ کردنی پاڵاوگە نایاساییەکان  لە رێگەی  نووسراوێکی  فەرمی ئەنجوومەنەکەیانەوە داوایان کردووە  کە بەشداربن لە لیژنەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.

رێكەوت زەكی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ھەقە ئەنجوومەن وەك چاودێر بەشداربێت لە پرۆسەی  داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، لەو سۆنگەیەوە داوامان كردووە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاستەنگ بۆ پرۆسەكە دروست بێت ھاوكاربین".