زیانەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەرهێنانی لەوزەتێن بزانە

پزیشکان داوا دەکەن چیدیکە نەشتەرگەری لەوزەتێن بۆ منداڵان نەکرێت

K24- هه‌ولێر:

لە سەرانسەری جیهان ملیۆنەها منداڵ نەشتەگەری دەرهێنانی لەوزەتێنیان بۆ کراوە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکات ئەو کارە لەگەڵ منداڵەکانیان ئەنجام نەدەن.

هەندێک لە پزیشکان بۆ رێگریکردن لە ئازاری قورگ و هەوکردنی گوێ، نەشتگەری دەرهێنانی لەوزەتێن بۆ منداڵان دەکەن بەڵام گۆڤاری جامای پزیشکی کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی قورگ و گوێ و لەلایەن یەکێتی پزیشکانی ئەمەریکا پاڵپشتی دەکرێت چەند زیانێکی ئەو نەشتەرگەرییە ئاشکرادەکات.

د. سێیان بیارس، بەڕێوەبەری توێژینەوەکە و پرۆفیسۆر لە زانکۆی مێڵبۆرن لێکۆڵینەوەی لەسەر یەک ملیۆن و 200 هەزارکەس کردووە کە پێش تەمەنی 9 ساڵی نەشتەرگەری دەرهێنانی لەوزەتێنیان بۆکراوە و تیایدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی، ئەوانەی نەشتگەرییەکەیان ئەنجامداوە سێ جار زیاتر ئەگەری توشبونیان بە هەستیاریی و نەخۆشییەکی وەک هەناسەتووندی، ئەنفلەوەنزا، هەوکردنی سییەکان و چەندین نەخۆشی دیکە دەبنەوە.

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە ئەو کەسانەی لەوزەتێنیان دەردەهێندرێت بۆ رزگاربوون لە چەند نەخۆشییەک، ماوەیەک دوای دەرهێنانی لەوزەتێنەکە هەمان نەخۆشی تیایاندا سەر هەڵدەداتەوە.

پزیشکان پێیان وایە دەبێت رێگای جیاوازتر بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی قورگ و گوێ بەکاربێت لە جیاتی دەرهێنانی ئەو بەشە گرنگەی لەشی مرۆڤ کە پەیوەندی بە سیستمی بەرگریی مرۆڤەوە هەیە.

H.J