لە ئاھەنگی ھاوسەرگیری بە شاباش و سەماكردن پارە بۆ زاوا كۆدەكرێتەوە
ئاھەنگی ھاوسەرگیری لە میسر دەرفەتێك بۆ كۆكردنەوەی پارە
K24 - ھەولێر
زۆرێك لە ئاھەنگەكانی بووك گواستنەوە لە میسر، لە رێگەی گرووپێكی گۆرانی و میوزیك و كچانی سەماكەرەوە سازدەكرێن، كەسوكاری زاواش، ئەمە بە دەرفەتێك دەبینن بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە لەلایەن میوانانەوە كە پارە دەدەن، كە لای خۆمان بە شاباش ناسراوە، بڕێك لەو پارەیە بۆ خاوەن ئاھەنگەكە و بەشێكیشی بۆ تیپی موزیكەكە دەبێت.
زۆربەمان لەوجۆرە ئاھەنگانەمان لە زنجیرە و فیلەمە میسرییەكاندا بینیووە كە لەو ڤیدیۆیەدا ھەیە، لە میسر حنەی پێدەڵێن و لای خۆمانیش بە خەنەبەندان ناسراوە. لەگەڵ گۆرانی گوتن و سەمای كچە سەماكارەكان، پارەش پێشكەش بە تیپی موزیك دەكرێت، كە ئێمە بە شاباش ناوی دێنین.
پێشكەشكاری ئاھەنگەكە دەڵێت: "گرنگترین شت لەمجۆرە ئاھەنگانە، پێشكەشكارەكەیە، ئەگەر من بە باشی كارەكانم بكەم و ئەو لەو بدەم ئەم لەویتر بدەم، ئەمە پارە دەدات و ئەیتریش پارە دەدات، شاباش بەسەر وەستا فڵان و كاك فیسار دەڵێمەوە و بەنموونە دەڵێم 500 جونەیھی مسری داوە، ئەوی دیكەش وەك ئەو 500 جونەیھ دەدات، واتە تۆ لەھەردوو سەرەوە قازانجت كرد".
ژنھێنان لە میسر پارەیەكی زۆری دەوێت، بۆیە زۆر كەس پەنا دەباتە بەر ئەمجۆرە ئاھەنگانە، كەسوكاری زاوا، ئەمە بە دەرفەتێك دەبینن بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە لەلایەن میوانانەوە كە پارە دەدەن، لای خۆمان بە شاباش ناسراوە، چونكە بڕێك لەو پارەیە بۆ خاوەن ئاھەنگەكە و بەشێكیشی بۆ تیپی موزیكەكە دەبێت.
كولتوری میسری لە پرۆسەی ھاسەرگیری وایە كە كەسوكاری زاوا سێیەكی خەرجییەكانی ھاوسەرگیری لە ئەستۆ دەگرن، بەشێكیشی لەسەر ماڵی بووكەكەیە، لەمجۆرە ئاھەنگانەشدا بەشێوەی ھۆنراوە شاباش بەسەر ئامادەبوواندا دەگوترێتەوە.