ئه‌مه‌ريكا و فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ چاره‌نووسى رۆژهه‌ڵاتى فورات تاوتوێ ده‌كه‌ن

شاندێكی ئەمریكی و فەرەنسی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عەین عیسان

K24 – هه‌ولێر:

شاندێكی ئەمریكی و فەرەنسی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عەین عیسا، چارەنووسی رۆژھەڵاتی فورات لەگەڵ سەركردایەتی ھەسەدە تاوتوێ دەكات.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، كە ئەمڕۆ شاندێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی فەرەنسی و ئەمریكی پێكھاتووە، لە شاری عه‌ين عیسا، لەگەڵ سەركردایەتی ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆدەبێتەوە و تێیدا باس لە ھەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژھەڵاتی فورات و چارەنووسی ناوچەكە دەكرێت.

بە گوێرەی روانگەى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، بڕیارە ھەر دوولا بگەنە لێك تێگەیشتنێكی نوێ لە رۆژھەڵاتی فورات بۆ كۆتاییھێنان بە ھەڕەشەكانی توركیا.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئەمریكا ئاشكرای كرد، لەبەر ئەوەی لەم دواییانە چەكی سووكیان داوە بە ھەسەدە، پێشڕەوییەكانیان لە رۆژھەڵاتی فورات سست بوونه‌.

جەیمس جێفریك، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوان توركیا لەو چەكانە ئاگادار دەكەنەوە، كە پێشكەش بە ھەسەدەی دەكەن، لەم دواییانەشدا ئەوان چەكی سووكیان بەبێ ئۆتۆمبێل و زریپۆش داوەتە ھەسەدە، ئەوەش وایكرد پێشڕەوییەكانیان لە رۆژھەڵاتی فورات سست ببن.

سه‌باره‌ت به‌ زيانه‌كانى داعش له‌ هێرشه‌كانى هاوپه‌يمانى بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانيان، روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی ھێرشەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژھەڵاتی دێرزوور، زیاتر لە 60 چەكداری داعش كوژراون كە زۆرینەیان لە ھێرشەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی تەنەك و ئەرزەق كوژراون كە ئەو دوو كێڵگەیە بە كێڵگە ھەرە گەورەكانی سووریا ھەژمار دەكرێن.