یەكگرتوو گۆڕانكاری نێوخۆیی دەكات

گفتوگۆ لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەك دەكرێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێوخۆییەكانی حزب کۆببێتەوە.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێك لە نێویاندا هەڵوەشاندنەوەی هەریەکە لە ئەنجوومەنەکانی سیاسی و جێبەجێکردن و دەزگای بانگخوازی لە هەولێر کۆدەبێتەوە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەكگرتوو، گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی کاتی بەستنی کۆنگرە دەکرێت".

پێشتر شێروان شەمێرانی، راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو: "ئەگەر بگەینە ئەو بڕوایەی كە كێشەكان بە كۆنگرە چارەسەر دەكرێت، ھیچ رێگرییەك نییە بۆ پێشخستنی كۆنگرە، بەڵام ئەگەر كۆنگرە كاریگەری نەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، باشترە كە لەكاتی خۆیدا بكرێت".

 

لە ھەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بەناوی لیستی بەرەی ئیسڵاح بەشداریان لە ھەڵبژاردن كرد و 5 كورسی پەرلەمانیان بە دەست ھێنا، كە بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگەكانی یەكگرتوو كەمیكردووە، ئەمەش وایكرد كە لە دوای ھەڵبژاردنەوە یەكگرتوو زنجچرەیەك كۆبوونەوە لەسەر دۆخی ناوخۆی حزبەكە رێكبخات و بەستنی كۆنگرەش بووەتە پرسێكی گەرمی ناو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە.

ھ.م