مووسڵ بەرەو رۆژە خوێناوییەكان دەگەڕێتەوە
دانیشتووانی مووسڵ باسی رەوشی شارەكە دەكەن
K24 - مووسڵ
دۆخی ئەمنی مووسڵ رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەچێت و داعش دەبێتەوە ھەڕەشە، لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لەو شارە تەقێندراونەتەوە، ھاوكات چەند شانەی نووستووی داعش دەستگیر كراون، ئەو دۆخە ئەمنییە وایكرد، حكوومەتی خۆجێیی شارەكە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامبدات و ھاووڵاتییانیش بێ ھیوان و دەڵێن، باوەڕمان بە ھێزەكان نەماوە و ئەگەر ھەیە دۆخەكە خراپتریش ببێتەوە.
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی مووسڵ بەناوی خانم محەمەد، بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر خەڵكی مووسڵ خۆیان ئاسایشی شارەكە نەپارێزن، بێگومان گرووپی تیرۆرستی پەیدا دەبنەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق دەرگای خۆبەخشی بۆ خەڵكی مووسڵ بكاتەوە، ھەموومان بێكارین، پێویست ناكات خەڵك لە باشووری عێراق بێت مووسڵ بپارێزێ، ئێمە تائێستا ئەو بەرپرسانەمان نەبینیووە كە بەناوی پاراستنی مووسڵ ھاتوونەتە ئێرە".
یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی مووسڵ دەڵێ: "دەوڵەت گەنجانی مووسڵ لەخۆ ناگرێت، بۆیە رەوشی ئەمنی بەو شێوەیە، دەبێ گۆڕانكاری لە ھێزە ئەمنییەكاندا بكرێت. تەقینەوەكانی ئەم دواییە ترسێكی زۆری خستەوە دڵی خەڵكی مووسڵ، خۆزگە رەوشی مووسڵ دەگەڕایەوە پێش ھاتنی داعش و جارێكی دیكە ھەستمان بە ئارامی بكردایە".
بەرپرسانی حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەكان لە مووسڵ رایدەگەیەنن، كە مووسڵ لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندایە و نەیارانی عێراق پڕوپاگەندە لەبارەی رەوشی شارەكە بڵاودەكەنەوە.
نهجم جبووری، فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بە كوردستان24 راگەیاند: "شەقامی مووسڵ لەوە گەورەترە كە لێی بترسین، خەڵكی شارەكە ئازان، ئەو كردەوە تیرۆرستیانەی دەكرێن سەرناگرن، ھەندێك لایەن دەیانەوێت رەوشی مووسڵ بە خراپ لە قەڵەم بدەن، ئەوەی لە مووسڵ روودەدات پێشتر لە شوێنی دیكەش روویداوە".
ھ.م