سێ ساڵ لەمەوبەر پێشمەرگە شنگالی لە دەستی داعش رزگار كرد
سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنی شنگالی كرد
K24 - ھەولێر
سێ ساڵ لەمەوبەر و لە 13/11/2015 ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، شنگالی لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد.
سەرۆك بارزانی، لە 13/11/2015 بەبۆنەی رزگاركردنی شنگال لە پەیامێكدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی شنگال و ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئازادكردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزن بوو بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تۆمار كرا. ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو رۆژە رۆیشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە".
سەرۆك بارزانی، راشیگەیاند: "لەدوای داگیركردنی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزییدییەكانماندا هات ئامادە بووین هەموو رێگەیەك بگرینە بەر و هەموو نرخێك بدەین كە شنگال ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی بڕوا بەخۆبوون بۆ گەلی كوردستان و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەربكرێن".

دوای سێ ساڵ رزگاركردنی شارۆچكەكە، لەبارەی رەوشی ئێستای شنگال مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای رزگاركردنی شنگال ئێمە گەڕاینەوە شارەكە و دەستمان بە كاروباری ئیداری كردەوە، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر جارێكی دیكە بەشێكی زۆری خەڵكی شنگال ئاوارە بوونەوە، رەوشی شنگال لە ھەموو رووێكەوە خراپتر بووە، ئێستاشی لەگەڵ دابێت خەڵك ناوێرێ بگەڕێتەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان".
راشیگەیاند: "داوا لە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكەین كە ئاوڕێكی جدی لە شنگال بدەنەوە".
چەكدارانی داعش لە 3/8/2014 ھێرشیان كردە سەر شارۆچكەی شنگال و داگیریان كرد، جگە لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە شارۆچكەكە، نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە رفێنران. دوای زیاتر لە ساڵێك لە داگیركردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە بەشداری زیاتر لە 7 ھەزار پێشمەرگە، كە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆك مەسعود بارزانی-یەوە سەرپەرشتی دەكرا، شنگالی لە دەستی داعش رزگار كرد.