به‌ چه‌ند چالاكييه‌ك يادى 234 ساڵه‌ى بنيادنانى سلێمانى كرايه‌وه‌

ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە، سلێمانى ئاوەدانکراوەتەوە

K24 – سلێمانى:

ئه‌مڕۆ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژى بنيادنانى شارى سلێمانى له‌ لايه‌ن فه‌رمانڕه‌وايانى ميرنشينى بابانه‌وه‌ و 234 ساڵ به‌سه‌ر درووستكردنى ئه‌و شاره‌دا تێده‌په‌ڕێت. به‌و بۆنه‌يه‌وه‌، له‌ سلێمانى چه‌ند چالاكييه‌كى هونه‌رى و رۆشنبيرى ئه‌نجامدران.

به‌ گوێره‌ى مێژووى شاره‌كه‌، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە، سلێمانى ئاوەدانکراوەتەوە.

ئیبراھیم پاشا بابان شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگە لەوەی بووه‌ته‌ پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌ مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیری ناوچەکە. زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرەى سه‌ندووه‌ و ورده‌ ورده‌ بووه‌ته‌ زمانى خوێندن و نووسين.

دواى ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی 1851 وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی قه‌ڵه‌مڕه‌وييه‌كه‌ى شێخ مەحموودى حه‌فيد بووە.

له‌ رووى جوگرافييه‌وه‌، شاری سلێمانی كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ھێڵی پانی (34 – 36) پلە لەسەر ھێڵی کەمەره‌ى زه‌وى و ھێڵی درێژی (45 – 46) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی هه‌رێمى كوردستان.

سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (1700م)، گۆیژە (1525م) و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (1373م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی 45کم و پانییەکەی 15کم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی 853م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.

له‌ رووى ئابوورييه‌وه‌، ھەندێ کار و پیشە وەک ئاسنگەری، جۆڵایی، موتابچیەتی، چەرخی موو ڕستن، خەڕەک، کارگەچێتی، وەتراقچی، چەخماخسازی، شیرگەری، مسگەری، خومچێتی، زین و کۆپان ھەیە کە ھەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا کراوە و گرنگییان پێ دراوە.

لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەرکی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوکان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتووه‌تەوە.