ئامانج رەحیم: بەمزوانە لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێککەوتن

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باس لە دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەکات

K24- هه‌ولێر:

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەمزووانە هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک دەگەنە رێککەوتن.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا وەڵامی داوکارییەکی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لەبارەی پێویستی گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای داوەتەوە و نووسیویەتی: "بەمزووانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک دەگەنە رێککەوتن".

دوای جێبەجێکردنی پاکێجی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، واشنتن فشاری لەسەر هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان زیاد کردووە و لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەیان لەم بارەیەوە ئەنجامداوە.

لە ئێستادا بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان ئەو توانایانەیان هەیە کە نەوتی کەرکووک هەناردە بکەن، خۆ ئەگەر بەغدا رەتیبکاتەوە لە رێگای هەولێرەوە نەوتی کەرکووک هەناردە بکات، ئەوا لانی کەم پێویستی بە دوو ساڵە بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی نوێ.

H.J