راهێنان بە پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

پەرلەمانتارێك: بەرچاومان روون دەكەن كە چۆن پەرلەمانتارێكی سەركەوتووبین

K24 - ھەولێر

پەیمانگای دیموکراسی کە پەیمانگایەکی ئەمەریکییە، راھێنان بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا، پیشەییانە کاری پەرلەمانتاری ئەنجامبدەن، پەرلەمانتارانیش دەڵێن، ھەوڵدەدەن لە رێگای ئەو جۆرە خولانە، زیاتر خۆیان لەسەر کاری پەرلەمانتاری رابھێنن.

نزیکەی 100 پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمان، لە ھۆڵێك بۆ ماوەی سێ رۆژ راھێنان دەکەن، راھێنەرە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت، ئەو پەرلەمانتارانە لەسەر کاری پەرلەمانی رابھێنن، بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی خولەکەیان، زیاتر بپرژێنە سەر داواکاری ھاووڵاتییان.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 گوت: "كردنەوەی خولی رێبەری لەلایەن پەیمانگای دیموكراسی، گرنگی خۆی ھەیە، بەتایبەت بۆ ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە دەتوانین بڵێین بەشی زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولە نوێن، بۆیە پێویستە شارەزا بكرێن لە چۆنیەتی كاركردن و پەیوەندیی لەگەڵ ھاووڵاتییان".

پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم نایانەوێ ئەزموونی خولی چوارەم دووبارە بکەنەوە، بەڵكو دەیانەوێت خولی پێنجەم خولی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی ھاووڵاتییان بێت، بەشێوەیەك ھێندە گرنگی بە ھاووڵاتییان بدەن، ھێندە خۆیان لەکار و باری سیاسیی و ململانێی لایەنەکان ھەڵنەقورتێنن.

ئەبوبەکر ھەڵەدەنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت: "راھێنەرانی ئەو پەیمانگایە ھاتوون كۆمەڵێك توێژینەوەیان لە عێراق و كوردستان كردووە، لە روانگەی دەستووری عێراق و یاسا كارپێكراوەكانی ھەرێمی كوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بەرچاومان روون دەكەن كە چۆن پەرلەمانتارێكی سەركەوتووبین، بۆ ئەوەی ئەو كەسەی دەبێتە پەرلەمانتار لەماوەی چوارساڵدا بە باشترین شێوە كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات".

پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کۆمەڵێك بنەما و پرەنسیپی کاری پەرلەمانتاری بۆ پەرلەمانتاران دیاریکردوو، ھێڵەگشتیەکانی کارکردنیشی داناوە، بەڵام دەیانەوێت لە رێگەی راھێنەرانی بیانی، سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرن. 

 ھ.م