نێچيرڤان بارزانى: ئاماده‌ين كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ين

به‌ گوێره‌ى ميكانيزمه‌ ده‌ستوورييه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى رايگه‌ياند، ئاماده‌ين كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ين.

له‌ شارى هه‌ولێر كۆمپانياى دانا غاز و حكومه‌تى هه‌رێم يادى 10 ساڵه‌ى به‌رهه‌مهێنانى غازى سرووشتى ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ مه‌راسيمێكى تايبه‌تدا كه‌ به‌و بۆنه‌يه‌وه‌ رێكخراوه‌، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، ئێمه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و په‌ڕى رێز و پێزانينمان بۆ ئه‌و كۆمپانيايانه‌ هه‌يه‌، كه‌ رۆژگارێك كاريان له‌گه‌ڵ كردين، كه‌س ئاماده‌ نه‌بوو كار بكات.

گوتيشى: 11 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ رێككه‌وتنى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانياى داناغاز و هاوبه‌شه‌كانى واژوو كرا و ساڵێك دواتر كۆمپانياكه‌ توانى ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنان بكات.

روونيشيكرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕوانه‌ قۆناغى داهاتوو قۆناغى چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بێت.

دووپاتيشيكرده‌وه‌، هه‌رێم ئاماده‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان به‌ گوێره‌ى ميكانيزمه‌ ده‌ستوورييه‌كان.