فرانس پرێس: هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە گەیشتوونەتە رێککەوتن

یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ئاشکرادەکرێت

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22/11/2018)، سەرۆک بارزانی لە میانی سەردانێکیدا بۆ شاری بەغدا، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.

لە دوای بوونی عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەندێک لە کێشەکان بەرەو چارەسەربوون دەچن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە بارەی پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاشکرایکردووە، یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، چارەسەکردنی پرسی بودجەیە.

ئەو ئاژانسە فەرەنسییە لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراقی نوسیویەتی: "هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی و نزیکبوونەوەی زۆر لە نێوان هەردوولادا دروستبووە".

پێچەوانەی دەستووری عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە 17% بۆ 12.6% کەمکراوەتەوە، سەرکردایەتی کوردیش دەیەوێت جارێکی دیکە پڕۆژە یاسای بودجە بەو جۆرە تێپەڕنەکات و مافی کورد لەو بارەیەوە پێشێل نەکرێت.

H.J