پەنابەرێک فێڵێکی سەیر لە حکومەتی بەریتانیا دەکات

چۆتە قوتابخانە و لەگەڵ کچ و کوڕی 11 بۆ 15 ساڵ وانەی وەرگرتووە

K24 – هه‌ولێر:

چەند هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی دەوام، قوتابیانی دواناوەندی ستۆک لە شاری ئیپسویچی بەریتانیا دووچاری سەرسوڕمان دەبن کە کەسێک بە رووخسار گەورە وەکو هەرزەکارێکی 15 ساڵ لە قوتابخانەکەیان ناونوسکراوە.

پەنابەرێکی ئێرانی بە ناوی سیاوەش لەگەڵ براکەی لە وڵاتی بەریتانیا، خۆیان بە 15 و 12 ساڵ ناونوسدەکەن، دواتر لە لایەن رێکخراوێکی خێرخوازییەوە خانوویەکییان دەدرێتێ تاکو بتوانن تێیدا بژین.

دواتر هەردووکیان ئاگادار دەکرێنەوە، بەهۆی کەمی تەمەنیان، دەتوانن پرۆسەی خوێندن دەستپێبکەن و حکومەتیش چاودێریان دەکات بۆ ئەوە.

بەهۆی روخسار و هەڵسوکەوتەکانی، قوتابیانی خوێندگە دوا ناوەندییەکە دەزانن کە سیاوەش تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە و لە رێگای سۆشیاڵ میدیا وێنەکانی بڵاودەکەنەوە.

دایک و باوکی قوتابیانی ئەو خوێندنگایە بە رۆژنامەی دەیلی مەیلیان گوتووە، ئەو کوڕە نامەی بۆ کچەکانمان ناردووە و ناونیشانی ماڵەکانی لێپرسیون، چۆن بەرپرسان ئەوەندە کەمتەرخەمن و ژیانی ئەو هەرزەکارانە دەخەنە مەترسییەوە؟

چەند قوتابییەک لە سۆشیاڵ میدیا بە دوای وێنەکانی سیاوەش دەگەڕێن و لە شوێنێکدا وێنەیەکی بە ریش و سمێل و بیرەیەک دەدۆزنەوە و بەرپرسانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

ئەگەرچی هیچ لەسەر براکەی نازاندرێت، بەڵام سیاوەش لە قوتابخانە دەرکراوە و ئەگەری هەیە بۆ وڵاتەکەی دیپۆرت بکرێتەوە.

H.J