منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كه‌ی خوشكه‌كه‌ی ده‌دزێت و به 1400 دۆلار ده‌یفرۆشێت
به‌هاوكاری دوو شۆفێر منداڵه‌كه‌یان رفاندووه
K24- هه‌ولێر:
ئافره‌تێكی میسری له پارێزگای ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ی ئه‌و وڵاته منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كه‌ی خوشكه‌كه‌ی ده‌دزێت و به 25 هه‌زار "جونه‌یهـ"ـی میسری كه ده‌كاته 1400 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به ئافره‌تێكی نه‌زۆكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌یفرۆشێت.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌منی ئه‌و شاره، ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانه پلكی منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كه‌یه و دانیشتووی شاری قاهیره‌یه، به هاوكاری دوو شۆفێر راسته‌وخۆ دوای له‌دایكبوون له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌سكه‌نده‌رییه، منداڵه‌كه‌یان رفاندووه.
میدیاكانی ئه‌و وڵاته له پۆلیسی ئه‌سكه‌نده‌رییه گواستیانه‌وه، دایكی منداڵه‌كه له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه هه‌واڵی به هێزه‌كانی پۆلیس داوه و پێیڕاگه‌یاندووه، خوشكه‌كه‌ی منداڵه‌كه‌ی رفاندووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، به‌ر له‌وه‌ی بچێته نه‌خۆشخانه، په‌یوه‌ندی به خوشكه‌كه‌یه‌وه كردووه، كه كاتی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌یه‌تی و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ بچێته نه‌خۆشخانه.
وه‌ك راشیگه‌یاندووه، كاتێك خوشكه‌كه‌ی هاتووه‌ته نه‌خۆشخانه دوو كه‌سی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ بووه و دوای له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی، خوشكه‌كه‌ی داوای لێ كردووه، رێگه‌ی پێ بدات تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵه‌وه له دایه‌نگه‌ی نه‌خۆشخانه دا‌نێت، كاتێك ئه‌ویش رازی بووه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بیگاوزێته‌وه بۆ دایه‌نگه، منداڵه‌كه‌ی رفاندووه و به بڕی 1400 دۆلار به ئافره‌تێكی نه‌زۆكی ده‌وڵه‌مه‌ند فرۆشتووه.
وه‌ك بڵاویشكراوه‌ته‌وه، ئه‌و دوو شۆفێره‌ی له كاری رفاندن هاوكاری پلكی كۆرپه ساواكه‌یانكردووه، برای یه‌كترن و له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه یه‌كێكیان دانی به‌وه‌دا ناوه، ئه‌و كاره‌یان به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك نه‌زۆك كردووه.
ئه‌و ئافره‌ته‌ش كه به‌نیازی كڕینی منداڵه‌كه بووه، له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا دانی به‌وه‌دا ناوه، كه خۆی شووی به پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، به‌ڵام توانای منداڵبوونی نییه و بۆئه‌وه‌ی پشكێكی زیاتر له میراتی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ركه‌وێت، هه‌وڵیداوه منداڵێك به‌ناوی خۆی بكات، چونكه پیاوه‌كه‌ی هاوسه‌رێكی دیكه‌شی هه‌بووه.
H.B