سێ خۆراک هاوڕێی راستەقینەی دڵن

بەشێوەیەکی بەرچاو مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکەنەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەو کەسانەی بەردەوام گوێز، بادەم و فستق (فستق عەبید - پینەتس) دەخۆن، مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ تیایاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

گۆڤاری American College of Cardiology توێژینەوەیەکی نوێی لەسەر سودەکانی گوێز، بادەم و پینەتس کردووە و تیایدا دەریخستووە ئەو کەسانەی بەردەوام ئەو بەرهەمانە دەخۆن کەمتر دووچاری نەخۆشییەکانی دڵ دەبن بە بەروارد بەو  کەسانەی کە ئەو بەرهەمانە ناخۆن یان زۆر کەم دەیان خۆن.

توێژینەوەکە سوودی لە دۆسییەی 210 هەزار کەس وەرگرتووە کە بەشێکی زۆریان نەخۆشی دڵیان هەبووە، لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، خواردنی ئەو جۆرە بەرهەمانە، بە رێژەی 15% بۆ 23%، جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکەنەوە.

مارتا گواسک، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤەرد تی ئێچ، لەبارەی توێژینەوەکە دەڵێت، دەکرێت ئەو بەرهەمانە وەکو کەپسولی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ سەیربکرێن، بۆیە گرنگە بەشێک بن لە خواردنی رۆژانە.

سەرچاوە: Professor Health

H.J