هازارد راشكاوانه‌ باسی جێهێشتنی چێڵسی ده‌كات

ئاره‌زووی بۆ یاریكردن له‌م یانه‌یه‌ ده‌ربڕی

ئێدین هازارد ناوەڕاستکاری بەلجیکی یانەی چێڵسی ئاشکرای دەکات کە لەوانەیە هاوینی داهاتوو ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت، ئەگەر لەو ماوەیەی کە گرێبەستەکەی ماوە هەوڵ بۆ درێژ کردنەوەی نەدرێت، ئەو ناوەڕاستکارە رەتیشی کردەوە پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمانی فڕەنساوە بکات.

هازارد له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئێستا لە یانەکەم ئاسودەم و لێرە دەمێنمەوە و ساڵێکی دیکە لە گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەکەم ماوە، ئەگەر لەم ماوەیەدا نەگەیشتینە رێکەوتن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم، ئەوا ئەو کاتە دەتوانم یانەکەم جێبێڵم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک زستانی ئەمساڵ یانەکەم جێناهێڵم و ئەم کارە لەگەڵ هاندەرانی بلوز ناکەم و بە دڵنیاییەوە لێرە بەردەوام دەبم، بەڵام لەوانەیە هاوینی داهاتوو لەندەن جێبێڵم و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکەم.

هازارد گوتیشی: دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە راستە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان داوایان لێکردووم کە پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکەم، بەڵام ئەگەر بمەوێت بگەڕێمەوە فڕەنسا، ئەوا بە بێ دوو دڵی یاری بۆ یانەکەی پێشووم لیل دەکەم، کەواتە هیچ ئەگەرێک نییە بۆ ئەوەی دووبارە بگەرێمەوە خولی فڕەنسا.