لایه‌نه‌كان گه‌شبینن به‌ كاندیدكردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت

رێز له‌ بڕیاره‌كانی پارتی ده‌گرن

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسییەكان بە گەشبینیەوە دەڕواننە كاندیدكردنی مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی كابینه‌ی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

له‌مباره‌شه‌وه‌ چالاكی موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كاندیدكردنی مه‌سروور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌گرین و، كاتێك بڕیارمانداوه‌ به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ین، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ئه‌و بڕیارانه‌ی پارتی و پێكهاته‌ی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین".

له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی چاوه‌ڕێی كارنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌كات و شوان رابه‌ر، بڕیارده‌ری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پێشوه‌خته‌ بڕیار له‌سه‌ر هیچ سه‌رۆك حكوومه‌تێكی نوێ ناده‌ین، تا به‌رنامه‌ و كار و ئه‌جێنداكه‌ی روون نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌گشتی هیوادارین هه‌ر كه‌سێك پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت وه‌ربگرێت، په‌ند له‌ رابردوو وه‌ربگرێت و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و چاكسازی بێت".

هه‌رچی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیشه‌ كه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانی كردبوو، و خاوەنی ھیچ كورسییەكی پەرلەمان نین، سه‌عد خالید، ھاوسەرۆكی ئەو حزبە جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "مه‌سرور بارزانی خاوه‌ن كه‌سایه‌تیێكی كاریگه‌ره‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و پێشتریش له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگای دیكه‌دا ئه‌زموونی هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین، شاره‌زایی ئه‌و له‌ئاست پێشبینییه‌كانى خه‌ڵك بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت و ئیداره‌دانی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاى كوردستان".

پارتی لێژنەیەكی بۆ دانوستان كردن له‌گه‌ڵ حزبەكانی دیكە پێكھێناوە و، بڕیارە ئەو لێژنەیە دوای كۆبوونەوەیەكی ناوخۆ، سەردانی لایەنە سیاسییەكانی دیكە بكات، بۆئه‌وه‌ی لەسەر پێكھێنانی حكومەت رێكبكەون.

H.B