سه‌رۆك بارزانى و عامرى ره‌وشی سیاسیی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

باسی رووداوه‌كه‌ی دووی ئۆكتۆبه‌ریان كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا، ره‌وشی عێراق و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانییان تاووتوێ كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، رۆژی پێنجشەممە 4ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە هادی عامری سەرۆكی ئیئتیلافی فەتح كرد.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، له‌ دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی ناو پرۆسەی سیاسی تاووتوێكرا و رۆشناییش خرایە سەر رووداوەكانی رۆژی 2 ئۆكتۆبەری ناو پارلەمانی عێراق.

سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماریش، سەرۆكی ئیئتیلافی فەتح دڵگرانيی خۆی لەوە نیشاندا كە لایەنە كوردستانییەكان نەیانتوانی یەك كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆماری دیاری بكەن.

وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی كاریگەری پارتی و لایەنە كوردستانییەكان، لە پڕۆسەی سیاسی، عامری هیوای ئەوەشی خواست لایەنە كوردستانییەكان،  لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقدا، ڕۆڵی كاریگەریی خۆیان ببینن.

ئ. م