شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی خێرای توركیا ده‌یان كه‌سی كرده‌ قوربانی

خۆی كێشاوه‌ به‌ پردێكدا

K24 - هه‌ولێر:

ده‌رچوونی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی خێرا له‌سه‌ر هێڵه‌كه‌ی بووه‌ هۆی خۆكێشانی به‌ پردێكی په‌ڕینه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ 4 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و 40 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ له‌ شاری ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا دووچاری ئه‌و كێشه‌یه‌ بووه‌ته‌وه‌و پاش ده‌رچوونی له‌ وێستگه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌و ویلایه‌تی كۆنیا خۆیكێشاوه‌ به‌ پرده‌كه‌دا".

به‌هۆی رووداوه‌كه‌وه‌ به‌شێكی پرده‌كه‌ داڕووخاوه‌ به‌سه‌ر دوو فارگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌دا و پاشان چه‌ن فارگۆنێكی دیكه‌شی هه‌ڵگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

تیمه‌كانی به‌هاناوه‌چوون برینداره‌كانیان گواستووه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ نزیكه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پرۆسه‌ی گه‌ڕان و رزگاركردنی سه‌رنشینه‌كانی دیكه‌ش به‌رده‌وامه‌.