"ئەنجوومەنی پارێزگاكان ناتوانن تەمەنی خۆیان درێژ بكەنەوە"
ئەنجوومەنی پارێزگاكان چاوەڕێی ھەڵبژاردنن
K24 - سلێمانی
چەند مانگێك بەسەر وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تێپەڕیووە، بهڕێوه نهچوونی پرۆسهكه هۆكاربووه لهوهی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی كوردستان بكەونە قۆناخی بۆشایی یاسایی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت "ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە ھیچ شێوەیەك ناتوانن تەمەنی خۆیان درێژبكەنەوە".
ھاوشێوەی بەشێکی زۆر لە ھاووڵاتیان، ئهندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمیش چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمان دەکەن، بۆ یهكلا كردنهوهی چارهنووسی ئهنجوومهنی پارێزگاكان بهو پێیه دهبوو 30/4/2018 ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، بەڵام پرۆسهكه بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئازاد محهمهد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەك ئەنجوومەنی پارێزگاكان ناتوانن تەمەنی خۆیان درێژ بكەنەوە یان لێی لادەن، ھەموو دەسەڵاتەكان لای پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە".
ئەندامانی ئەنجوومەنیش نوسراویان بۆ پەرلەمانی کوردستان کردووەو داوای ههموار كردنهوهی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان كردووه، ئهوان پێیانوایه یاساکەی لهگهڵ بارودۆخی ئێستای ههرێمی كوردستان نهگونجاوه.
لەوابرەوە سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: "مادام ئەنجوومەنی پارێزگاكان حكوومەتە خۆجێیەكانیان ھەڵبژاردووە، ناشكرێ حكوومەتە خۆجێیەكان بێ چاودێری بن، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوام بن لەكارەكانیان تا ھەڵبژاردن دەكرێت".
لە مادەی 31ی بڕگەی 3 خاڵی یەک لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ھاتووە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کاتی ئەستەم بوون و ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردن، ئەوا ئەنجوومەن تاوەکو 90 رۆژ دەتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن، بەڵام یاساکە باسی لەوە نەکردووە کە دوای تەواو بونی ئەو 90 رۆژەش دەتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن یاخود نا.