سۆلاری دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان چی گوت؟
سۆلاری بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر عه‌ینی ئیماراتی ده‌ربڕی
دوای ئه‌وه‌ی ریال مه‌دریدی گه‌یشته فایناڵی مۆندیالی یانه‌كان، سانتیاگۆ سۆلاری ستایشی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه له یاری كۆتایی ئه‌ركیان به‌رامبه‌ر عه‌ینی ئیماراتی قورس ده‌بێت.
ریال مه‌درید له قۆناخی پێشكۆتایی مۆندیالی یانه‌كان به هاتریكێكی گاریس به‌یل شكستی به كاشیمای ژاپۆنی هێنا و گه‌یشته فایناڵی مۆندیالی یانه‌كان.
دوای یارییه‌كه له پرێس كۆنفرانسێكدا، سۆلاری راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید رایگه‌یاند كه سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی له‌و یارییه‌دا ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌ش كرد، گوتیشی: بردنه‌وه له یارییه‌كه زۆر ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام یاریزانه‌كانم به‌هێزه‌وه ده‌ركه‌وتن، ئاستی گاریس به‌یل زۆر دڵخۆشی كردم، به‌ڵام ئه‌و ئێستا ده‌بێت پشوو وه‌ربگرێت و ئاماده‌كاری بۆ یاریی كۆتایی بكات.
سۆلاری ده‌شڵێت: جامی جیهانی یانه‌كان لای من زۆر خۆشه‌ویسته، پاڵه‌وانێتییه‌كی جوان و به نرخه، سه‌رجه‌م یانه‌كانیش له‌و پاڵه‌وانێتییه به‌هێزن، چونكه پاڵه‌وانی كیشوه‌ره‌كان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و هه‌موویان ململانێی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه ده‌كه‌ن، پێشتریش من وه‌ك یاریزان بیره‌وه‌ری خۆش و جوانم له‌م پاڵه‌وانێتییه هه‌یه.
له به‌رسیڤێكدا له باره‌ی یاریی كۆتایی مۆندیالی یانه‌كان، سۆلاری مه‌ترسی خۆی به‌رامبه‌ر یانه ئیماراتییه‌كه ده‌ربڕی و گوتی: هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌م یارییه به ئاسان وه‌ربگریت، چونكه یانه‌ی عه‌ین خاوه‌نی جه‌نگاوه‌ری به‌هێزن و شكستیان به پاڵه‌وانی نیوزله‌ندا و ئه‌فریقا هێناوه و له‌سه‌ر حیسابی پاڵه‌وانی لیبه‌رتادۆریس بلیتی فایناڵی مۆندیالی یانه‌كانیان بڕیوه.
رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له یاریی كۆتایی جامی جیهانی یانه‌كان، ریال مه‌درید و عه‌ینی ئیماراتی له كاتژمێر 7:30ـی ئێواره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.