"ھێزە كوردییەكان لە سووریا ده‌كه‌ونە بارودۆخێكی دژوار"‌

شرۆڤەكارێك: رووسیا لەبارەی كشانەوەی بارودۆخەكە بێلایەنی ھەڵدەبژێرێت

K24 - مۆسكۆ

هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رۆكی توركیا، بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی فورات له‌ رۆژئاوای كوردستان، كاردانه‌وه‌ی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌كاتێكدا ئه‌مەریكا هۆشداریە توركیا له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌. شڕۆڤه‌كارێكی سیاسیش پێی وایە، توركیا خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی پشوودرێژی و هێزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا.

جارێكی دیكە هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رۆكی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكەی سه‌ربازی بۆ داگیركردنی رۆژهه‌ڵاتی فورات، بوونه‌ته‌ مژاری گه‌رم له‌ رووسیا، هاوشێوه‌ی كاربه‌ده‌ستانی مۆسكۆش شاره‌زایه‌كی سه‌ربازی رووس، رۆژئاوای كوردستان به‌ نزیك له‌ ئه‌مەریكا ئه‌ژمار ده‌كات و كرده‌ی سه‌ربازی توركیاش به‌دوور نابیێنێت.

ڤلادیمێر ئیڤسێیڤ، شاره‌زای سه‌ربازی و جێگری سه‌رۆكی په‌یمانگای ئێس ئێن گێ لە مۆسكۆ بە كوردستان24 گوت: "پێم وایه‌ رووسیا بێلایه‌ن ده‌بێ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌نگژانه‌ی ھێزە كوردییەكان لە سووریا دووچاری بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌به‌ره‌ی ئه‌مەریكادان، به‌ڵام خۆ ده‌بوو ئه‌مەریكا رێگری له‌ توركیا بكات تا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام نه‌دات بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی فورات، به‌ڵام دواجار ده‌بینین ئه‌مەریكا له‌نێوان توركیا و ئەو ھێزە كوردییانە، توركیا هه‌ڵده‌بژێرێت، تائێستا رووسیا بێلایه‌نی هه‌ڵبژاردووه‌ له‌م بارودۆخه‌، بێگومان هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌م ناوچانه‌دا خه‌ڵكی سڤیل ده‌كاته‌ قوربانی وه‌كو له‌ عه‌فرین روویدا، ئه‌گه‌رچی سووریا هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ كورد گفتوگۆ بكات بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌".

پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌م پسپۆره‌ سه‌ربازییه‌، شرۆڤه‌كارێكی سیاسی رووس پێی وایه‌، توركیا خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی پشوودرێژی و هێزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا.

ڤه‌دیم مه‌كه‌رێنكه‌، شرۆەڤه‌كاری سیاسی دەڵێت: "توركیا به‌بێ هیچ به‌هانه‌یه‌ك ده‌خوازێت وه‌كو فشارێك له‌سه‌ر ھێزە كوردییەكان كرده‌ی سه‌ربازی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات ئه‌نجامبدات، پێم وایه‌ ئه‌مەریكا رێگا به‌كرده‌ی سه‌ربازی له‌مجۆره‌ نادات، چونكه‌ ئه‌مەریكا هێزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر سنووری سووریا و توركیا جێگیر كردووه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكی توركیا كێبركێ و پێكدادان له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكا ناكات، به‌ڵام دیسان خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا له‌م ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌، ھێزە كوردییەكان ده‌كه‌ونە بارودۆخێكی دژوار‌، بۆیه‌ ده‌بێ ھێزە كوردییەكان دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكا و حكوومه‌تی ئه‌سه‌د و رووسیا بكه‌ن، بۆ داهاتووی ئه‌و شوێنانه‌، ئه‌گه‌رنا كورد په‌راوێز ده‌خرێن".