جارێکی دیکە عێراق لە سزاکانی سەر ئێران دەبەخشرێت

"ئەمەریکا وادەی لێخۆشبوونی لە عێراق درێژکردووەتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە، عێراقی لە سزاکانی سەر ئێران بەخشیوە.

لە 5ی تشرینی دووەم ساڵی 2018، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێرانی سەپاند و 45 رۆژ مۆڵەتی دا بە عێراق کە بایکۆتی گاز و کارەبای ئێران بکات، بەڵام ئێستا کەو ئەو وادەیە تەواو بووە، ئەمەریکا وادەکە درێژ دەکاتەوە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی ئاشکراکردووە، شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەوێ ئەمەریکییەکانیان قایل کردووە، بەغدا بتوانێت بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە گاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت.

عێراق رۆژانە 28 ملیۆن مەتر سێجا گاز و یەک هەزار و 300 مێگاوات کارەبا لە ئێران دەکڕێت، بەمەش لە ئەگەری پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکان، عێراق دووچاری کەمی کارەبا و وزە دەبێتەوە.

لە ئایاری ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە و بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی دا.

سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر

H.J