واشنتن پۆست هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا ئاشکرا دەکات

"ترەمپ کوردەکانی سووریای فرۆشت"

K24 – هه‌ولێر:

بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی شکستی چەند سیاسەتێکی دەرەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە رۆژانێک بە دەستکەوتی خۆی دەزانین.

رۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی، ترەمپ بەڵێنی دا بە تەواوی شکست بە دەوڵەتی ئیسلامی بهێنێت، بەڵام ئەو کشایەوە لەکاتێکدا هێشتا هەزاران سەربازی ئەمەریکی هەر خەریکی تەواوی کردنی ئەو ئەرکەن، ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی دەستدرێژیەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار بکات، بەڵام ئێستا هێزەکانی دەبێت لە سووریا بە چاوردەوری خۆیاندا خەندەقی بەرگری لێبدەن. ترەمپ بەڵێنی دا ئیسرائیل بپارێزێت، بەڵام ئێستا ئیسرائیل دەبێت بە تەنها رووبەڕووی ئێران و هاوئاوازەکانی لە باکووری سووریا ببێتەوە کە هاوسنوورن لەگەڵی.

راوێژکارە باڵا سەربازییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ستراتیژیان وابوو، لە سووریا بمێننەوە تاکو داعش بە تەواوی لەناودەبەن و پاشەکشەش بە هێزە ئێرانییەکان دەکەن، بەڵام ترەمپ نیشانی ئەو راوێژکارانە و جیهانی دا کە هیچ سیاسەتێکی ئەمەریکا لە گۆڕانی زۆر خێرا بە دوور نییە.

دۆناڵد ترەمپ شکستی داعشی راگەیاند، بەڵام وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا هێشتا دەڵێن، هەزارەها چەکداری داعش لە سووریا هەن و چەند ناوچەیەکیان لە دۆڵی فوڕات بەدەستەوەیە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا چانسی گەڕانەوەی هێزە تووندڕەوەکان لە سووریا زیاد دەکات، هاوشێوەی ئەوەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق کردی.

تا هەفتەی رابردوو، برێت مەکگۆرک، نێردەی ئەمەریکا بۆ جەنگی دژ بە داعش و جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەیانگوت، ئەوان لە ئەزموونی رابردوو فێربوون، پاشەکشەکردن بە گروپە توندڕەوەکان لە رووی جیۆگرافییەوە مانای ئەوە نییە ئەو گروپانە لەناوچوون.

ئێستا ئێران هەزارەها لە هێزەکانی لە سووریا بڵاوەپێکردووە کە لەوێوە خەریکی دروستکردنی رێڕەون بۆ لوبنان و ناوچەکانی سەر دەریای ناوەڕاست، جیا لەوەش هاوسنوورن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش وایکرد لە 24ی مانگی ئەیلوول، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ترەمپ بڵێت: "تاکو هێزەکانی ئێران، بە میلیشیاکانیشەوە، لە دەرەوەی سنووری ئێران بن، ئێمە سووریا جێناهێڵین".

واشنتن پۆست نووسیویەتی، پێدەچێت بڕیارەکەی ترەمپ لەژێر کاریگەری هەڕەشەکانی تورکیا بن لە کوردەکانی سووریا کە بە سوپای ئەمەریکا دەورەدرابوون. ئەردۆغان لە چەند رۆژی رابردوو چەند بەڵێنێکی لە ترەمپ وەرگرتووە وەک کڕینی سیستەمی مووشەکیی پاتریۆت و گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە فەتحوڵا گویلەن، بەڵام تاکو ئێستا ترەمپ ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە لەبەرامبەر ئەم کارانەی بۆ تورکیا چی دەستکەوتووە.

گەورەترین قوربانی ئەم بڕیارەی ترەمپ هێزە کوردییەکانی سووریان کە رۆڵی گرنگیان لە تێکشکاندنی جیهادییەکانی سووریا هەبوو. ئێستا کە لەلایەن واشنتنەوە خیانەتیان لێکراوە، لەژێر هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیان. پەیامی ئەوان بۆ هەموو ئەوانەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن ئەوەیە کە لە دواوە خەنجەریان لێدراوە، واشنتن هاوبەشێکی ترسناک و بێ متمانەیە.

سەرچاوە: واشنتن پۆست

H.J