سۆلاری یه‌كه‌مین ناسناوی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید به‌ده‌ستهێنا
ریال مه‌درید پێش بارسێلۆنا كه‌وته‌وه و بووه یه‌كه‌مین یانه 4 ناسناو ببێته پاڵه‌وان
یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ سێیه‌مجار له‌سه‌ریه‌ك بووه پاڵه‌وانی مۆندیالی یانه‌كان، سۆلاریش یه‌كه‌مین ناسناوی وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید به‌ده‌ستهێنا.
له یاری فایناڵی جامی جیهانی یانه‌كان، یانه‌ی عه‌ینی ئیماراتی و ریال مه‌دریدی ئیسپانیا رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه، یارییه‌كه‌ش به 4 گۆڵی به‌رامبه‌ر گۆڵێك له به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی شایانه كۆتایی هات.
له خوله‌كی 14 لوكا مۆدریچ ناوه‌راستكاری كرواتی گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ ریال مه‌درید تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش چوارده‌مین گۆڵی ئه‌م یاریزانه بوو به درێسی یانه مه‌دریدییه‌كه، گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه كۆتایی هات.
له خوله‌كی 60ـی گێمی دووه‌م، ماركۆس یۆرێنتی گۆڵی دووه‌می بۆ ریال مه‌درید له لێدانێكی مووشه‌كی زیاد كرد، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین گۆڵی ئه‌م یاریزانه لاوه بوو به درێسی ریال مه‌درید.
پاشان له خوله‌كی 79 سێرخیۆ رامۆس كاپتنی ریال مه‌درید گۆڵی سێیه‌می بۆ یانه‌كه‌ی زیاد كرد.
دواتر له خوله‌كی 86 تسوكاسا شیوتانی ژاپۆنی تاكه گۆڵه‌كه‌ی عه‌ینی ئیماراتی تۆمار كرد.
له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌ش نادر یه‌حییا یاریزانی عه‌ین گۆڵێكی به‌هه‌ڵه له‌خۆیان تۆمار كرد و یانه‌ی ریال مه‌دریدی كرده خاوه‌نی چواره‌مین گۆڵ له یارییه‌كه.
ریال مه‌درید بووه یه‌كه‌مین یانه كه چوارجار ببێته پاڵه‌وانی جامی جیهانی یانه‌كان و پێش بارسیلۆنا كه‌وته‌وه كه پێشتر 3 ناسناوی بردۆته‌وه.