ترەمپ رۆڵگێڕێکی شکستخواردوو بووە

دوو لە فیلمانە Home Alone و Sex and the City ین

K24 – هه‌ولێر:

رۆژانێک پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ لە چەندین فیلمی و بەرنامەی ناودار دەرکەوتووە، ئامانجیشی ناو و دەنگ بووە، بەڵام رۆڵگێڕێکی شکستخواردوو بووە.

دوو لە فیلمە ناودارانەی ترەمپ تیایدا رۆڵ دەگیڕێت، فیلمی Home Alone2 و Sex and the City ین، کە لەوەی یەکەمیان ترەمپ لەناو هۆتێلێکی گرانبەهادا کە هی خۆیەتی چاوی بە کێڤن ماککالیستەری رۆڵگێری سەرەکی فیلمەکە دەکەوێت و لە فیلمی دووەم لە ناو کافێیەک دەردەکەوێت کە لەگەڵ خانمێک خەریکی نیگا گۆڕینەوەیە.

فیلمی Home Alone 2

چەند رۆژێکە چاوپێکەوتنی ترەمپ لە بەرنامەیەکی کۆنی ئەمەریکا کە لەلایەن دوو بوکەڵە بەناوەکانی Zig and Zag پێشکەش دەکرا بڵاوکرایەوە و تیایدا ترەمپ باسی رێککەوتنێکی بازرگانی دەکات.

هەروەها ترەمپ لە فیلمی The Job کە لە ساڵی 2003 بەرهەمهێنراوە دەردەکەوێت و تیایدا وەک خاوەنی رێستۆرانتێک دەچێتە لای کوڕ و کچێک کە لە ژواندان و بە کوڕەکە دەڵێت: "تۆ لەگەڵ ئەم سێکس دەکەیت؟".

ترەمپ نەیتوانیوە جێگای خۆی لە جیهانی نواندن بکاتەوە، بەڵام ئارەزووی زۆری بۆ نواندن هەبووە و هەمیشە ئامادە بووە لە فیلمە جیاوازەکان رۆڵ بگێڕێت، بەڵام شکستی هێناوە.

جیا لەو فیلمانە، ترەمپ لە یاری زۆرانبازی دروستکراو WWE دەردەکەوێت و تیایدا وەک ملیاردێرێکی ئەمەریکا بەشداری دەکات و هێرشدەکاتە سەر ڤینس ماکماون و بە زەویدا دەدات.

لەم کارانەی دەردەکەوێت کە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە بەدوای ناودارییدا گەڕاوە، بەڵام سەرکەوتووە نەبووە، تا  لە ساڵی 2017 توانی ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا  و ئەو خەونەی بێتە دی.

H.J