ژیلوان حه‌مه‌د: ئاماده‌م یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكه‌م
ئه‌ستێره كورده‌كه پلانه‌كانی داهاتووی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد

ژیلوان حه‌مه‌د ئه‌ستێره كورده‌كه‌ی خولی نایابی سوید به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه ئاماده‌یه یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكات، ده‌شڵێت: پێش جامی جیهانی 2018 راهێنه‌ری سوید په‌یوه‌ندی پێوه‌كردووه و ئاگاداری كردۆته‌وه كه زۆر نزیك بووه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوید به‌شداریی مۆندیال بكات.
ژیلوان حه‌مه‌د كاپتنی ئێستای یانه‌ی (هامه‌ربی) سوید ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌هۆی پێكانه‌وه نه‌یتوانی خۆی له یانه گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپا رابگرێت.
ده‌شڵێت: له بۆندزلیگا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، له خولی به‌لجیكاش پێكان نه‌یهێشت كاره‌كه‌م به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنم، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕامه‌وه خولی نایابی سوید به گۆڵكردن و ئه‌سیست و یاریمه‌تیدانی تیپه‌كه‌م تۆڵه‌م كرده‌وه.
ژیلۆان له به‌رسیڤێكی كوردستان24 جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه له گواستنه‌وه‌ی زستانه هه‌نگاو به‌ره‌و خولێكی گه‌وره‌ی ئه‌ورووپا ده‌هاوێت، ده‌شڵێت: چه‌ندان ئۆفه‌رم له لایه‌ن یانه‌كانی به‌شداربوو له چامپیۆنزلیگ پێگه‌یشتووه، به‌ڵام جارێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م و نامه‌وێت په‌له بكه‌م، به‌ڵام خۆم یه‌كلا كردۆته‌وه كه له سه‌ره‌تای ساڵی تازه له یانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی سوید یاری ده‌كه‌م.
ژیلۆان له باره‌ی ده‌رفه‌تی یاریكردنی له هه‌ڵبژارده‌ی سوید به كوردستان24 گوتی: من یه‌كێك بووم له‌و 30 یاریزانه‌ی بۆ به‌شداریكردن له مۆندیالی 2018 به‌ربژێر بووم، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی سویدیش په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له خولی نایابی سوید یاریم ده‌كرد ده‌رفه‌تی یاریكردنم له مۆندیال له‌ده‌ستدا.
ژیلۆان گوتیشی: له لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه‌كراوه و رێكنه‌كه‌وتووه یاری بكه‌م، به‌ڵام له 2019 ئاماده‌ییم هه‌یه یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكه‌م.
ژیلوان حه‌مه‌دی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی رانییه، به‌ڵام له وڵاتی ئازه‌ربایجان له دایكبووه، یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانی سوید كردووه و 8 یاریشی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می سوید ئه‌نجام داوه، پێشتریش یاری بۆ یانه‌كانی ماڵمۆی سوید، هۆفینهایم، ستاندار لیگی به‌لجیكی كردووه.