پێویستە ناوی دەربەندیخان بکرێتە دەربەندی داهێنان
ئەوان چڵکی دەست ناکەنە بیانووی وەستان و چەقبەستوویی
نووسینی: زاگرۆس نانەکەلی
بۆم نەکرا وەکو (ئەولیا چەلەبی) سیاحەتنامەیەکی میدیای وەرزشی بە خاکی گەرمیان بکەم، وەکو (مستەر ریچ) گەشتنامەیەک بۆ گەرمیانی کوردستان بکەم، گەر یاری ئاگرینیش گڕی گرت تا بە رووباری سیروان و کۆتری سپی ئاشتی کپی کەم، ئەوسا نەردینی ئەوان و کوردستانەکەم شکاندنی کلتوورە، ئەوان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان بگرە جیھانیش خۆیان بێ ھاوتا دەزانن، گیانی وەرزشی بە سروودی یانەکەیان بۆ میوان و خۆیان دەچڕن و دەڵێن کێ میوان بێ ماڵی ئێمە بێ دەرگایە. فەرشی سەوز و شەوقی ورەی یاریگایە، ئەوان چڵکی دەست ناکەن بە بیانووی وەستان و چەق بەستوویی، ئەو حکایەتەی باسی دەکەم (کامپ نو، مۆنیمۆنتال، ماڕاکانا، ئۆڵدتڕافۆڕد،سان سیڕۆ، بێرنابیۆ، ئەلیانز ئەرینا) نییە، ئەوە راستیەکی واقوڕماوی شارۆچکەیەکی کوردستانە، دەیانەوێت رۆح بە تۆپی پێی کوردستان بدەن، ئەوان مەنزڵ و دیوەخان و کۆشکی کیسڕایان نییە، بەڵکو جێگایان لەنێو دڵی ھەموو کوردێک دایە، نەنەیەکی بە تەمەن بەچاوی کز ھزری جوانی ئاڵاو درێسی یانەکە دەنەحشێنێ، ئەم شارۆچکەیە لە باوەشی چیاکانی بەرانان و زمناکۆ ھاتوون، لە دەربەندێک کە سیروان و چەمی دێوانە بوونەتە ملوانکەی پەلکەزێڕینە، خانێک لەسەردەمی عوسمانییەکان کە(محەمەد و ئەحمەد خان) نەماون باج و سەرانە لە کاروانچی و عێلی جاف وەرگرن، ئاراستەی لە شاری سلێمانی و ئەوان باشووری خۆرھەڵاتە بەدووری (60) کیلۆمەتر، شاری خەون و رەنگ و کێو و رووبار و دەریا وسەدا و دەنگ و برایەتی و ئاشتی و جوانی و ئەرخەوانی خۆشەویستییە، ئێرە دەربەندیخانە، ھاندەرانی خانمانی دەربەندیخان مێژوو تۆماردەکەن، دەیانەوێت کەمەرشکێن و کەلتوور شکێن بن، ویستیانە نەخشەی وەرزشی کوردی بگۆڕن لە خۆرھەڵاتی ناوەراست، ئەوەی بینیومە ودەیبیستم، خەیاڵ نیyە و واقیعە، ئەوانە لەرێکەوتی 2017/5/1 دەستەی ھاندەرانی خانمانی دەربەندیخانیان دامەزراند.
ئەو کات لەیارییەکی خولی پلە یەکی کوردستان لە نێوان دەربەندیخان وشەھیدان بوو، تیپی تۆپی پێی دەربەندیخان سەرکەوتنی بەدەست ھێنا، لەم رێکەوتە و یارییە دەستەی ھاندەرانی خانمانی دەربەندیخان لەدایکبوو، ئینجا لەگەڵ کوڕانی شارەکە بەبێ جیاوازی ھانی تیپەکەیاندەدا و ئێستاش بەردەوامن، من سیاحەتنامەکەم بۆ ئەم شارە جوانە دەوەستێنم و دەڵێم ئافەرین مێژووێک شایستە بە ئێوە لەدایکبوو، جۆشتان بە ھاندانی وەرزشی دا لە کوردستان و رووی کوردانە و وەرزشانەشتاندا بە ئێستا و داھاتوو، بۆیە گەر رێگام بدەن دەمەوێت ناوی دەربەندیخان بگۆڕم بۆ ناوێکی شایستەتر و قابیل تر و جوان و زانستیانە تر ئەویش لەبری دەربەندیخان، دەربەندی داھێنان!