ئەنقەرە بۆ پاریس: هیچ سوودێک لە پاراستنی کوردەکان نابینن
پێشتر ماکرۆن پشتگیری بۆ هەسەدە دەربڕیبوو
K24 – ههولێر:
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی لێدوانەکانی فەرەنسا بۆ مانەوە لە سووریا رایگەیاند، ئەو کارە سوودی بۆ کەس نابێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، چاوشئۆغلۆ، لەبارەی لێدوانەکانی ماکرۆن بۆ مانەوە لە سووریا و پشتگیری لە هێزهكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاندووە: " ئەگەر فەڕەنسا لە سووریا بۆ پارێزگاریکردن لە یەپەگە بمێنێتەوە ، ئەوە نە بۆ فەڕەنسا، نە بۆ یەپەگە سوودی دەبێت".
وهزیری دهرهوهی توركیا دەڵێت، ئەوان سوورن لهسهر ئهوهی بچنه ناوچهكانی رۆژههڵاتی رووباری فورات، كه له ژێر كۆنتڕۆڵی (ههسهده) دان و لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنی مەنبج دەدەن تا ئەو کاتەی سوپای ئەمەریکا دەکشێتەوە.
پێشتر، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندبوو، نابێت رۆڵی هەسەدە لە تێکشکانی داعش لەبیر بکرێت و پاڵپشتی خۆشی بۆ هەسەدە دەربڕیبوو، رەتیشیکردبووەوە، هێزەکانیان لە سووریا بکشێنەوە.
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیارێکی بەپەلەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دا و بەو هۆیەشەوە، هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە سووریا بەتایبەت هێزە کوردییەکان، دووچاری نائومێدیی و داهاتوویەکی ناڕوون بوون.