ساڵح موسلیم لەسەر عەفرین رەخنە لە پەیەدە دەگرێت

"كارەكانمان بەشی ئەوەی نەكردووە رێگە لە داگیركاری عەفرین بگرن"

K24 - ھەولێر

ساڵح موسلیم رایدەگەیەنێت، وەك پەیەدە نەیانتوانی لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە كاری باش بۆ عەفرین بكەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كارەكانیان بەشی ئەوەی نەكردووە رێگە لە داگیركاری عەفرین بگرن.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتى دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند: "ناتوانین بڵێن بۆ عەفرین دیپلۆماسییەکى باش بەڕێوەچووە، لەوەدا رەخنە لە خۆمان دەگرین، ئەگەر ئێمە بمانتوانییایە لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە کارێکى باشمان بکردایە و پێشبینى و ئامادەکاریمان بەهێز بوایە، رەنگە کاری باشتر ئەنجام بدرایە، سەرباری ئەوەى بۆ عەفرین هەموو دونیامان ئاگادارکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بەشی ئەوەیان نەکرد، کە رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن".

موسلیم ئاماژە بەوەش دەكات: "بە بەراورد بە ساڵانى پێشتر لە رووی دیپلۆماسییەوە ئەزموونى باشترمان بەدەستهێناوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا فەرەنسا، ئەمەریکا، ئوردون و وڵاتانى هاوشێوەى ئەو وڵاتانە پێداگری لەوە دەکەن، کە ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سووریاوە بەشداری گفتوگۆ و دانوستانەکان بین. سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018دا کەموکوڕیمان هەبوو، بەڵام کاری باشیش ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا عەفرین بۆ ئێمە برینێکە، کارەکانمان بۆ عەفرین بەردەوامییان هەیە. تاوەکو گەلی عەفرین لە ژێر چادردا لە چاوەڕوانى رزگارکردنى شارەکەیاندا بن، ئەوا کاری ئێمە بۆگەڕانەوەى عەفرینییەکان بەردەوام دەبێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا موسلیم دەڵێت: "گەورەترین کار و ئەرکمان ئازادیى عەفرین و پێچەوانەکردن و بێکاریگەرکردنى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکیا. گەورەترین هیوامان ئەوەیە گەلی عەفرین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، هەموو کارەکانى ئێمەش لەو پێناوەدا دەبن. ئێمە دەمانەوێت لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ببینە دەنگی بەرخودانى گەلەکەمان، دانیشتنى جنێڤ-مان لە بەردەمدایە، تورکیا بەو هۆیەوە بێزار و تەنگاوە، هیودارین لەگەڵ هەندێك کەسی ئازاد و لایەنى سووریا دانیشتن ئەنجام بدەین چارەسەرییەك بۆ سووریایەکى ئارام و خۆش بخوڵقێنین".

ھ.م