کەجەکە: کوردانی سووریا دەتوانن سوود لە کشانەوەی ئەمەریکا وەربگرن

"ئەمەریكا سیاسەتی خۆی بەرامبەر کوردان گۆڕیووە"

K24 - ھەولێر

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەوە دەخاتەڕوو، كە کوردانی سووریا دەتوانن سوود لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا وەربگرن و بە توانای خۆیان لە خەباتکردن بەردەوام بن.

جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کەجەکە بە ئاژانسی میدیا ھەبەری، نزیك لە پەکەکەی راگەیاند: "هەڕەشەکانی تورکیا بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریاوە گرێدراوە و ئەو بڕیارە نیازی ئەمەریکای بۆ دژایەتی کوردان دەرخست".

بایك، گوتیشی: "کوردانی سووریا دەتوانن سوود لە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا وەربگرن و بەهێز و توانای خۆیان لە خەباتکردن بەردەوام بن".

هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمەریکا دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە سیاسەتی خۆی بەرامبەر کوردان گۆڕیووە و لەگەڵ تورکیا رێککەوتووە.عەفرینیش بەهۆی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا داگیرکراوە".

ھ.م