رێباز حەملان: لە كابینەی داھاتوودا دۆخی دارایی باشتر دەبێت
"پێویستە بە زووترین كات كابینەی نوێ پێكبھێنرێت"
K24 - ھەولێر
وەزیری دارایی ھەرێمی كوردستان، گەشبینە لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بارودۆخی دارایی بەرەو باشتر دەچێت، دەخوازێت لایەنەكان پەلە بكەن لە پێكھێنانی كابینەی نوێ.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە نووسیویەتی: "لە هەرێمی كوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابووری و بەهێزی پێگەی هەرێم لە ناوچەكە، رەوشی دارایی بە بەراورد بە ساڵانی شەڕی داعش و نەناردنی بودجەی لە لایەن بەغداوە بەرەو پێشتر چووە و هەموو پێشبینیەكانیش بۆ حكوومەتی داهاتووی هەرێم لەرووی ئابوورییەوە گەشبینانەیە، بۆیە پێكهێنانی كابینەی نوێ بە زوترین كات ئەركی سەر شانی هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە كە دەیانەوێت بەشداری حكوومەت بكەن".
وەزیری دارایی دەشڵێت: "بناخەی بەرەو پێشچوونی ئابووری و باش بونی دۆخی دارایی لە ھەموو وڵات و حوکمڕانییەك بریتییە لە ئارامی و بوونی ئاسایش و نەبوونی شەڕ و ئاڵۆزی، دواتر رێکخستنی داھات و خەرجی و برەودانی وەبەرھێنان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات".