به‌رپرسێكی پارتی په‌یامێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات

"ده‌بێت به‌گوێره‌ی رێژه‌ی ده‌نگه‌كان مه‌رجیان بۆ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌ت هه‌بێت"

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە ئەم ھەفتەیە جارێكی دیكە شاندی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكاتەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەش داوا لە یەكێتی و گۆڕان دەكات مەرجەكانیان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت بەپێی رێژی دەنگەكانیان لە ھەڵبژاردن بێت.

لەگەڵ دووبارە دەستیپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، فارس نەوڕۆڵی, ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی, پەیامێك ئاراستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەكات و داوایان لێدەكات, رەچاوی ئەنجامه‌كانی ھەڵبژاردن بكەن و بەپێی رێژەی دەنگەكانیان لە ھەڵبژاردن مەرجیان بۆ بەشداری لە حكومەت ھەبێت، داواش دەكات، لایەنەكان دۆخی ناوچەكە و ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن.

تائێستاش كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی لەبارەی پێكھێنانی حكومەت لەگەڵ ھەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان ئەنجامداوە، بەڵام مەرجەكانی یەكێتی كە دەیەوێت پرسی پێكھێنانی حكومەت و پۆستەكانی بەغدا بە پاكێجێك گفتوگۆی لەسەر بكرێت, بە ھۆكارێك بۆ دواكەوتنی پێكھێنانی حكومەت دەزاندرێت. له‌مباره‌شه‌وه‌ بێستوون فایه‌ق، ھەڵوسوراوى گۆڕان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "پێویستە پرسی پێكھێنانی حكومەت بە ھیچ پرسێكی دیكەوه‌ نەبەسترێتەوە", چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ پرسی كه‌ركووك و بابه‌تی به‌غدا به‌ پاكێجی جیاواز بخرێته‌ به‌ر گفتوگۆ، هه‌رچه‌نده‌ پرسی كه‌ركووك زۆر دواكه‌وتووه‌ و پێویست بوو به‌ر له‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ناكرێت پێكهێنانی حكوومه‌ت زیاتر له‌مه‌ دوابخرێت، چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی هاووڵاتیانه‌وه‌".

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن، زیاتر لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە دەیەوێت ھەرچی زووە پرسی پێكھێنانی حكومەت یەكلابكرێتەوە و كێشە ھەڵپەسێردراوەكان لە حكومەت و پەرلەمان چارەسەر بكرێن. بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ لایەنەكان دەستپێدەكاتەوە.