مەڕێك چەند رۆژێك لەناو شاخ گیر دەخوات
بەرگری شارستانی داوایەك لە دانیشتووانی ناوچەكە دەكات
K24 - سۆران
مەڕێك چەند رۆژێكە لە بەرزاییەكانی گەلی عەلی بەگ لە دەڤەری سۆران گیری خواردووە، تیمێكی بەرگری شارستانیش بۆ رزگاركردنی مەڕەكە سەردانی ئەو شوێنە دەكەن.
دوای بڵاوبوونەوە ھەواڵی گیر خواردنی مەڕێك لە بەرزاییەكانی گەلی عەلی بەگ، تیمێكی بەگری شارستانی سۆران سەردانی ئەو شوێنە دەكەن، بەڵام ھەوڵەكانیان بێ ئاكام بووە و مەڕەكەیان نەدۆزیوەتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوكرایەوە كە مەڕێك لە گەلی عەلی بەگ گیری خواردووە، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران تیمێكی رزگاركردن سەردانی شوێنەكەی كرد و گەڕان و پشكنین كرا، بەڵام ھیچ مەڕێك لەو شوێنە نەبینرا".
بەرگری شارستانی سۆران، داوا لە دانیشتووانی ناوچەكە دەكات، ھەركەسێك مەڕەكەی بینی پەیوەندییان پێوە بكات بۆ ئەوەی تیمەكانیان بۆ رزگاركردن بگەنە و ئەو شوێنە.
پێشتر لە 25/12/2018 شوانێك بەھۆی كەوتن لە شاخ لەو شوێنە گیانی لەدەستدا، دەگوترێت ئەو شوانە بۆ رزگاركردنی مەڕەكە چووەتە ئەو شوێنە و دواتر لە شاخەكە ھەڵدێراوە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن بەرگری شارستانی پشتڕاست نەكراوەتەوە.
ھ.م