ئاسایش سینەما سالمی داخست

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت

K24 – سلێمانئ:

ئاسایشی سلێمانی سینەما سالمی لە شاری سلێمانی داخست و هۆکارەکەشی بۆ فیلمێک لەبارەی پەکەکە دەگەڕێتەوە.

پێشتر سینەما سالم روونكردنه‌وه‌یه‌كی لەبارە فیلمێکی کێشە لەسەر بڵاوکردبووە (فیلمی ساکینە سانجز) و تیایدا هاتبوو: " بڕیاربوو فیلمه‌كه‌، له‌ رۆژی 1ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018 نمایش بكرێت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی له‌ باره‌ی بەرخودانی چەند زیندانییەکی سیاسیی باکووری کوردستانە، کە له‌ ساڵانی هه‌شتادا و‌ لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ڕژێمی فاشیستیی تورکیادا، خەبات دژی ستەم دەکەن".

سینەما سالم نووسیبووی: "ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوە کرا و پێیان ڕاگەیاندین کە بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەین ئەم فیلمە نمایش بکرێت. گەرچی ئێمە داوای نووسراوی فەرمیمان کرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو و تەنها جەختیان لەوە دەکردەوە كه‌ خۆمان تووشی سەرئێشە نەکەین، چونکە ئەوان بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بکرێت".

پێشتریش، ئاسایشی گشتی سلێمانی، نمایشی فیلمێکی دیکەی بە ناوی 14ى تەممووز قه‌ده‌غه‌كردبوو، كه‌ له‌ ده‌رهێنانی هاشم بایده‌میره‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی له‌ باره‌ی بەرخودانی چەند زیندانییەکی سیاسیی باکووری کوردستانه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە 08/01/2019 ئاسایشی سلێمانی سینەما سالمی داخست و بڕیاریشە رێکخراوی نوێگەر کاتژمێر 3 کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەو بارەیەوە رێکبخات.

لە مانگی یەکی ساڵی 2013، ساکینە ناسیز هاوڕێ لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمز وەک سێ چالاکوانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆر کران و فیلمەکەش باس لە ژیان و چالاکییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەکات.

لای خۆیەوە سینەما سالم راگەیندراوێکی لەبارەی داخستنی سینەماکە بڵاوکردەوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

یوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (08\01\2019)، هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بێ هەبوونی نووسراوێکی فەڕمی، هاتنە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی (11\01\2019)، فیلمێک لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دەربارەی هەڤاڵ ساکینە جانسیز لە سینەماکە نمایش بکرێت، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ڕێگەیەکەیەوە و بێ هەبوونی پاساوێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی فەڕمی، ئاگاداریان دەکردینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''؛ سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەیە.

ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قۆرخکردنی فەزای گشتییە ئیرادەی ئێمە ناخات و لە ئاست ڕێگریکردن لە هونەری ڕاستەقینە، بێدەنگ نابین.

لە هەڵوێستمان ئاگادارتان دەکەینەوە؛ لەگەڵمان بن.

H.J