حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی "رایتس وۆچ" ده‌داته‌وه
"ئه‌وانه‌ی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵین وه‌ك قوربانی ده‌ست داعش سه‌یر ده‌كرێن نه‌ك تۆمه‌تبار"
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ئه‌و راپۆرته‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی "هیومه‌ن رایتس وۆچ"ـی دایه‌وه، كه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵانی داعش له زیندانه‌كان بۆ هه‌رێم درێژ ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه دیندار زێباری، هه‌ماهه‌نگكاری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و راپۆرته‌ی مافی مرۆڤی ره‌تكرده‌وه، كه باس له ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵانی داعش له زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دووپاتیكرده‌وه، "هیومه‌ن رایتس وۆچ سه‌ردانی ئه‌و زیندانانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه، كه له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداون".
زێباری گوتیشی: "تۆمه‌تباران به‌گوێره‌ی پره‌نسیپه یاساییه‌كان و بنه‌كامانی دادگای سزاكان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، هه‌ر تۆمه‌تبارێكیش بۆی هه‌یه پارێزه‌رێك بۆخۆی دیاری بكات، ئه‌گه‌ریش نه‌توانێت، ئه‌وا پێویسته له‌سه‌ر دادگا پارێزه‌رێك بۆ به‌رگریكردن له تۆمه‌تباره‌كه ده‌ستنیشان بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت كه‌سوكاری ده‌ستگیركراوه‌كه‌ش له ده‌ستگیركردنی ئاگادار بكرێته‌وه، دواتر كه‌یسه‌كه بۆ دادگای په‌یوه‌ندیدار به‌رز ده‌كرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی به‌گوێره‌ی یاسا یه‌كلایی بكاته‌وه".
زێباری جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵییه و پێشتر گومانی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر بووه كه ئه‌ندامی داعشن، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان به‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه ئه‌وان قوربانی ده‌ستی داعشن نه‌ك تۆمه‌تبار و هه‌موویان وه‌ك هه‌ر منداڵێكی ئاواره به‌شێوه‌یه‌كی سرووشتی و له دیدگایه‌كی مرۆییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
هه‌ماهه‌نگاری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم گوتی: "دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی كوردستان، به سه‌دان هه‌زار كه‌س له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد، كه جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی داعش كه له‌ناو ئه‌و ئاوارانه‌دا هه‌بوون، كارێكی زۆر سه‌خت بوو، بۆیه هه‌رێمی كوردستان رێككاری تایبه‌تی ئه‌منی گرته به‌ر، بۆئه‌وه‌ی پارێزگاری له سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان و ئه‌و ئاوارانه بكات كه په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه، هه‌روه‌ها بۆ رێگریكردن له دزه‌كردنی ئه‌ندامانی داعش".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ "هیومه‌ن رایتس وۆچ" له راپۆرتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌وه تۆمه‌تبار كردبوو، كه منداڵانی داعش له زیندانه‌كان ئه‌شكه‌نجه ده‌دات.
H.B