كوردانی تاراوگە دژی داگیركاری عەفرین رژانە بەردەم بارەگای یەكێتی ئەوروپا

ساڵێك بەسەر ھێرشكردنە سەر عەفرین تێدەپەڕێت

K24 - برۆكسل

بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھێرشیكردنە سەر عەفرین لەلایەن تورکیاوە خۆپیشاندنێکی ناڕەزایی لەبەردەم بارەگای سەرەکی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بەرێوەچوو.

خۆپیشاندەران لەرێگای نوسراوێکی فه‌رمی و دروشمەکانیانەوە داوایان لە بەرپرسانی ئەوروپا کرد کە فشار بخەنە سەر حكوومه‌ت و سوپای تورکیا لە عەفرین بکشێنەوە.

خۆپیشاندەران به‌ ئاڵای کوردستان و نووسراو و وێنە و دروشمی تایبەت دژی داگیرکاری عەفرین، بەتوندی داگیركاری ئه‌و شاره‌ ئیدانە ده‌كه‌ن و دەڵێن "تورکیا دەیەوێت دیمۆگرافیای شار و ناوچەکانی عەفرین بگۆڕێت و سیمایەکی تورکی لەو ناوچەیە بچەسپێنێت.

پاش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی ئه‌مه‌ سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی شارەکەیان جێھێشت و ئاوارەی شارەكانی کوردستان بوون. خۆپیشاندەرێکیش داوا لە کوردانی تاراوگە دەکات خۆپیشاندنی سەرتاسەری لە وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام بدەن.