توركیا زیاتر لە 15 ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەكانی دەستگیر كردووە
"15 هەزار و 213 ئەفسەر دەستگیر کراون"
K24 – ههولێر:
لە دوای "کودەتاکەی" ساڵی 2016ی تورکیا، 15 هەزار و 213 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیرکراون.
حکومەتی تورکیا بزووتنەوەکەی فەتحولا گویلەنی بە هۆکاری "کودەتا" سەربازییەکی ساڵی 2016ی تورکیا تۆمەتبارکرد و دوا بە دوای ئەوەش، پڕۆسەی دەستگیرکردنی لایەنگرانی گویلەن لە تورکیا دەستیپێکرد.
فەرماندە نادید سێبنێم ئاکتۆپ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە: "بەرپرسان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ شەش هەزار و 838 ئەفسەر کردووە".
پەیوەندی پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (ئەکەپە) لەگەڵ لایەنگرانی گویلەن کاتێک تێكچوو، لە ساڵی 2013 چەند بەرپرسێکی سەربازیی و دادوەریی، گەندەڵی چەند وەزیرێک و کوڕەکانیان ئاشکرا کرد و چەند زانیارییەکیشیان لەبارەی بەرپرسانی ئەو بانکانەی لە ئەردۆغان نزیکبوون بڵاوکردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، گویلەن و بزووتنەوەکەی رەتیدەکەنەوە لە پشت ئەنجامدانی "کودەتاکەی" تورکیا بن.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، بە یاسای تیرۆر، بەرپرسانی تورکیا، 402 هەزار کەسیان لە ماوەی دوو ساڵ دەستگیرکردووە و 80 هەزار لەوانیش هێشتا لە زینداندان.
جیا لەوەش، زیاد لە 170 هەزار فەرمانبەر لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە.
لە ساڵی 1999ەوە، ئەنقەرە داوا لە واشنتن دەکات گویلەن کە ئێستا لە ئەمەریکا دەژی، رادەستی تورکیا بکاتەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەمەریکا ئەو داوایەی پەسەند نەکردووە.
H.J