مووچه‌ی پێشمه‌رگه و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له پڕۆژه یاسای بودجه جێگیر ده‌كرێت
له‌كاتی روودانی هه‌ر كێشه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت
K24- هه‌ولێر:
به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، "ئه‌ندامانی لێژنه‌ی داراییمان رازی كردووه، كه له پاش ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ناردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه بۆ عێراق ده‌بێت، پێویسته حكوومه‌تی عێراقیش پابه‌ند بێت به پێدانی بودجه‌ی ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و، له‌كاتی روودانی هه‌ر كێشه‌یه‌كیش له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، مووچه‌ی پێشمه‌رگه و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كێشانه و، ئێستا ئه‌مه له‌ناو پڕۆژه یاساكه جێگیر بووه.
حه‌داد له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 جه‌ختی كرده‌وه، "تائێستاش ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان له په‌یوه‌ندیداین، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنین كه له‌كاتی ده‌نگدان ده‌نگ به‌و بڕگه‌یه‌ی پڕۆژه یاساكه بده‌ن و كێشه درووست نه‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "توانیومانه تا راده‌یه‌كی باش كۆده‌نگی درووست بكه‌ین و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه رازی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م هه‌وڵانه له‌كاتی ده‌نگدان ده‌رده‌كه‌ون".
سه‌باره‌ت به‌و بڕه پاره‌یه‌ش كه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق ته‌رخانكراوه، به‌شیر حه‌داد ئاشكرایكرد، "هه‌رچه‌نده ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی ساڵێك دیاریكراوه، بڕێكی جێگیره و بۆ فه‌رمانبه‌ران بڕی 454 ملیار دینار و بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بڕی 68 ملیار دینار ده‌ستنیشان كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و لیسته بۆ به‌غدا بنێرێت، كه به سیسته‌می بایۆمه‌تری ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی ده‌ستنیشان كردووه و ئه‌گه‌ر بڕه‌كه كه‌میشی كرد، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم كورتهێنانه‌كه‌ی له داهاتی ناوخۆ دابین بكات".
ئه‌مڕۆ لێژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆژه یاسای بودجه كۆبووه و، به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رۆكایه‌تی به‌شێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی كرد.
H.B