سێ وێنەی هیتلەر دەخرێنە زیادکردنێکی ئاشکراوە
پێش ئەوەی هیلتەر بچێتە سیاسەت وێنەکێش بووە
K24 – ههولێر:
سێ وێنەی ئەدۆڵف هیتلەر کە بە رەنگە ئاوییەکان کێشاونی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە(مەزادەوە).
وێنەکان چەند دیمەنێکی سروشتی نیشان دەدەن کە لە سەدەی بیست لە لایەن هیتلەرەوە کێشراون.
ئەگەرچی وێنەکان، بەهای و بنەمای هونەرییان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەو گەورە دیکتاتۆرەوە کێشراون، ئەگەری هەیە پارەیەکی زۆریان پێبدرێت.
پێش جەنگی جیهانی یەکەم، هیتلەر لە شاری ڤییەنا وەک وێنەکێشێک کاری دەکرد، دووجاریش لە لایەن ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی ڤییەنا وەرگرتنی وەک قوتابی رەتکرایەوە.
کاتێک چووە دەسەڵات، ئەو رابەرەی نازییەکان بڕیاریدا، تەواوی کارەکانی کۆبکرێنەوە و لەناو ببرێن، بەڵام تا ئەمڕۆش، بەشێک لە کارەکانی هەر ماون و لەناو نەچوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، لە ساڵی 2014، وێنەیەکی کێشراو لە لایەن هیتلەرەوە بە بڕی 148 هەزار دۆلار لە شاری نورمبێرگی ئەڵمانیا فرۆشرا.
بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا، فرۆشتنی ئەو وێنانەی هیتلەر یاساییە ئەگەر هیچ هێما و دروشمێکی نازییەکانی لەسەر نەبێت.
هیتلەر و پارتەکەی، کوشتاریی زۆرییان ئەنجامداوە و تاکو ئێستاش ژمارەی قوربانیانی دەستی نازییە ئەڵمانییەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەنزیکەیی، نازییەکان حەوت ملیۆن هاووڵاتی یەکێتی سۆڤیەت، شەش ملیۆن جوو، سێ ملیۆن سەربازی سۆڤیەت، یەک ملیۆن و 800 هەزار پۆڵەندی و دەیان هەزار ئەوروپییان کوشتووە.
ئەو سێ وێنەیەی بڕیارە بفرۆشرێن:
.jpg)
.jpg)
.jpg)
H.J