رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ئێران بە بڵاوکردنەوەی نەخۆشیی دژایەتی عێراق دەکات

"ئێران دەیەوێت عێراق بکاتە دیلی خۆی و ئەمەریکاش چارەسەری پێ ناکرێت"

K24 – هه‌ولێر:

تەماتەی ئێرانی جووتیارانی بەسرەی تووڕەکرد چونکە نرخی تەماتەی هەرزانکرد و بە بڵاوکردنەوەی جۆرە نەخۆشییەک زیانێکی زۆری پێگەیاندن، ئەمەش بە گووتەی رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی، درێژەی هەوڵەکانی ئێرانە بۆ تەواو ملکەچکردنی عێراق.

بەگوێرەی یاساکانی عێراق، ئەگەر بەرهەمی ناوخۆیی تەواو بێت، نابێت کاڵاکان لەدەرەوە هاوردە بکرێن، جووتیارانیش دەڵێن، تەماتەی پێویست هەیە و پێویست بە هاوردەکردنی لە ئێران ناکات، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار تەماتە لە بازاڕەکانی بەسرە نەما و ناچار بە هاوردەکردن کراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی هەئارتس Haaretz، جووتیاران پێیان وایە: "نەخۆشییەکی ئێرانی بەرهەمی تەماتەی وێرانکردووە و خودی ئێرانیش ئەو نەخۆشییەی بڵاوکردووەتەوە".

ئەمە یەکجار نییە ئێران سزای عێراق دەدات، لە ئۆکتۆبەر – تشرینی یەکەم ساڵی رابردوو، ئێران کارەبای عێراقی بە بیانووی قەرز بڕی و دوای سێ مانگیش، ئاوی بەشێک لە رووبارەکانی عێراقی گرتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێران خەریکی چەند پڕۆژەیەکە کە ئامانج لێی دروستکردنی بەنداوگەلێکن کە چەند سەرچاوەیەکی ئاوی عێراق وشک دەکەن و عێراق زیاتر ناچاری سیاسەتی ئاوی ئێرانیی دەکات.

ئەگەرچی عێراق و ئێران 8 ساڵ دژی یەک جەنگان، بەڵام ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان 12 ملیار دۆلارە و 40%ی کارەبای عێراقیش لە ئێرانەوە دێت، جیا لەمەش، عێراق گازی سروشتی لە ئێران دەکڕێت.

جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگە لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق رایگەیاندبوو: "کەس ناتوانێت پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق تێکبدات و ئامانجمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بۆ 20 ملیار دۆلار زیاد بکەین".

عێراق لە ئێستادا هیچ جێگرەوەیەکی بۆ ئێران نییە بە تایبەت بۆ کەرتی کارەبا و ئاو و گازی سروشتی، ستراتیژی ئەمەریکاش کە دەیەوێت فشارەکانی بۆ ئێران زیادتر بکات هیچ چارەسەرێکی بۆ عێراق پێ نییە و تا مانگی داهاتووش رێگا بە عێراق دراوە هەندێک جۆری مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات.

هیندستان، تورکیا و کۆریای باشوور کە بەشێکن لەو وڵاتانەی لە لایەن ئەمەریکا بەخشراون تا مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران تا مانگی داهاتوو بەردەوامی پێ بدەن، دەتوانن بێ ئێرانیش کێشەی نەوت و گاز چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمە بۆ عێراق زۆر سەختە.

جیا لە مامەڵە بازرگانییەکان، عێراق گرنگی زۆری لە رووی جوگرافیاوە بۆ ئێران هەیە، بەوەی بەغدا، تاران بە دیمەشق و بەیروت دەبستێتەوە و جەمسەری شیعی دروست دەکات، بەڵام ئەمجۆرە وابەستە ئاینییە، لەسەر بنەمای بەرژەوندی هاوبەش نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ملکەچبوونە بە رابەری وڵاتێک.

ئەگەرچی عێراق وڵاتێکی زۆرینە شیعەیە، بەڵام جیاوازی زۆری لەگەڵ سیستمی بەڕێوەبردنی ئێران هەیە. دەستوورێکی دیموکراسیانە، لانی کەم لەسەر وەرەقە، تا رادەیەک ماف بە کەمینەکانی وەک کورد و سووننە دەدات. هەموو کەسیش لە دوای جەنگی دژ بە داعش لەوە تێدەگات، بە بێ بەشداری سووننە، وڵات بەرەو جەنگی ناوخۆ دەڕوات.

ئەو میلیشیایانەی کە ئێران پشتگیریان دەکات و پارەیان پێ دەدات، ئێستا رۆلێکی سیاسییان لە عێراق هەیە، بەڵام جیاوازی ئەوان لەگەڵ کوتلە سیاسییە عێراقییەکان بە ئاشکرا دیارە.

چەند کوتلەیەکی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق خەریکی دروستکردنی پڕۆژەیەکن بۆ وەدەرنانی هێزە بیانییەکان لە عێراق، کە سەربازە ئەمەریکییەکان 70%ی ئەو هێزانە پێکدێنن.

هەوڵدان بۆ بە یاساییکردنی ئەو پڕۆژەیە لەخۆڕا نییە، بەڵکو وەڵامێکە بۆ واشنتن کە دەیەوێت سەربازگەی نوێ لە عێراق بکاتەوە.

ئێران پێی وایە، زیادبوونی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هێزە دژە ئەمەریکییەکان زیاد دەکات و هەلێکیشە بۆ گەشانەوەی ئێران لەو وڵاتە، بە تایبەت ئەوەی ترەمپ قەبارە و ئامانجی هێزەکانی لە عێراق ئاشکرا ناکات.

هەفتەی رابردوو، توێژینەوەیەک لە لایەن فەرماندە رەی ئۆدیرنۆ، فەرماندەی سەربازیی ئەمەریکا، لەبارەی جەنگی عێراق بڵاوکرایەوە و لە کۆتایی توێژینەکە هاتووە: "براوەی یەکەم تەنها ئێران بوو".

ئایا ئەگەر ئەمەریکا کاتێک ئەو هەموو هێزەی لە عێراق هەبوو نەیتوانی رێگری لە ئێران بکات، گەڕانەوەی سەربازگەکانی سوودی چی دەبێت؟

ئەگەر واشنتن هیچ چارەسەرێکی بۆ پشبەستنی عێراق بە ئێران نەبێت، رەنگە ئامانجی ئەوە بێت، هیچ نەبێت، رێگا نەدات، ئێران لە خاکی عێراقەوە، مووشەک بە رۆژئاواوە بنێت.

لەگەڵ ئەوەش، هیچ گەرەنتییەک نییە کە رێگری لەو کارەی ئێران لە عێراق بکات و لەکاتێکدا عێراق نایەوێت هاوشێوەی سووریا ، ببێتە گۆڕەپانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا لەم قۆناغە زۆر هۆشیار نەبێت، ئەوا کاتێک دەیەوێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە، ئەوا دەبێت رووبەڕووی عێراقیش ببێتەوە.

 H.J