مەسەدە: ھەولێر رۆڵی گرنگی لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژئاوای كوردستان دەبێت

"پێویستە بە سەرپەرشتی ھەرێمی كوردستان لە رۆژھەڵاتی فورات رێككەوتن بكرێت"

K24 - ھەولێر

هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات (مەسەدە) رایدەگەیەنێت، هه‌رێمی كوردستان دۆستی نزیكه‌ی ئه‌وانه‌ و ده‌توانێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژئاوای كوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت و سه‌رپه‌رشتی رێككه‌وتنێكی نوێ بكات، هاوشێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر.

ریاز ده‌رار، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەرێمی كوردستان دۆستی ئێمەیە و پەیوەندی باش لەنێوانماندا ھەیە. ھەرێمی كوردستان دەتوانێت لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە یەكتر نزیك بكاتەوە، وەك دەزانین دوای رێككەوتنی حزبەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ھەولێر رەوشی سیاسی رۆژئاوای كوردستان باشتر بوو، بۆیە ئێستاش پێویستە رێككەوتنێكی ھاوشێوە بەسەرپەرشتی ھەرێمی كوردستان لە رۆژھەڵاتی فورات بكەن، دڵنیام ئەنجامی باشی دەبێت".