كه‌سانی نه‌ناسراو گۆڕستانەکانی ئاكرێ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌

" لە شەوان ئەو كارە دەكرێت و داوا دەكەین ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێن"

K24 - ئاكرێ

شوێنەوارە مێژووییه‌کان و گۆڕستانەکانی شارۆچكه‌ی ئاكرێ، له‌لایه‌ن كه‌س و گرووپی نه‌ناسراو كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی وێرانكاری و هه‌ڵدانه‌وه‌، دانیشتووانی سنووره‌كه‌ش داوای راگرتنی دیاردەکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.

نائیف ھاشم، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی سنووری شارۆچكەی ئاكرێیە، ئەو بە كوردستان24 راگەیاند: "تەنھا لە یەك شەودا 20 شوێن لە سنووری گوندەكەمان ھەڵكەندراون كە گۆڕستان و شوێنەوارن. داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بێنە سەر خەت و ئەو دیاردەیە دەستێكی لە پشتەوەیە".

گوندنشینێكی دیكەی دەڤەری ئاكرێ بەناوی فەقی سەعید، دەڵێ: "ھەڵدانەوەی گۆڕ و شوێنەوارەكان بە درەنگانی شەو دەكرێت و ئێمە نازانین كێن. پێویستە حكوومەت ئەو دەستە ئاشكرا بكات، كە كێن شوێنەوار و گۆڕستانەكانی سنوورەكەمان ھەڵدەدەنەوە".

ھیوا شەماڵ، بەرێوەبەری شوێنەوارەکانی ئاکرێ بە كوردستان24 گوت: "جێگەی داخە ئەو كارە ماوەیەكە لە سنوورەكەمان بووەتە دیاردە، چەندین شوێنەوار تێكدراون. وەك بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە ئاگادار دەكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو كەس و گرووپانە ئاشكرا بكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئاكرێ 700 شوێنەوار لەو سنوورە ھەن، لەم ماوەیەدا زۆر لەو شوێنەوارانە ھەڵدراونەتەوە.