یەكێتی تاتوێی كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكە دەكات
مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە
K24 - سلێمانی
ئەمرۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێكھێنانی حكوومەت و گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی و كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەكرێت.
ھاوژین جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە لە سلێمانی كۆببێتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی تاوتوێی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی دەكەن، ھەروەھا باس لەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە دەكرێت كە بڕیارە لەنێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەڕێوەبچێت".
پەیامنێرمان لە زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: "یەكێتی لەو كۆبوونەوەیەدا باس دۆسییەكانی كەركووك و بەغدا دەكات".
لەبارەی دواخستنی كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتی و یەكێتی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە پەیامنێری كوردستان24 گوتووە: "ئەوە پرسێكی نێوخۆیی یەكێتییە و ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیاربوو دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.