لە ھەولێر چەند تۆمەتبارێك لەسەر ھەڕەشەكردن لە ئافرەتان دەستگیر كران
"چەند كچێك بۆ ئەم مەبەستە بەكارھێندراون"
K24 - ھەولێر
ھێرۆ مەولودی، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "پۆلیسی ھەولێر چوار كەسی دەستگیر كرد، كە تۆمەتبارن بە ھەڕەشەكردن بە بڵاوكردنەوەی وێنەی ئافرەتان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دوای وەرگرتنی ڤیدیۆ و وێنەیی خەڵك ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەیان كردووە و لەبەرامبەریشدا داوای پارەیان كردووە".
رائید ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی رایگەیاند: "دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە بەرنامەی دەروون و دیاردە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو كەسانە دەستگیر دەكەین، كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەیان لە ئافرەتان كردووە، خەڵكێكی زۆر پەیوەندییان پێوەكردین و توانیمان لە ماوەی سێ رۆژدا چوار كەس دەستگیر بكەین كە ھەستاون بە بەكارھێنانی وێنە و ئەكاونتی جیاواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ دەستكەوتنی وێنەی ئافرەتان كە بووەتە ھەڕەشەیان لێكردوون".
گوتیشی: "كەسی وا ھەیە زیاتر لە 20 ھەزار دۆلاری لە ئافرەتان وەرگرتووە، چونكە پێیان گوتون ئەگەر ئەو بڕە پارەیەمان پێ نەدەن وێنەكانتان بڵاودەكەینەوە. ئەو وێنانەشیان بە بەكارھێنانی ئافرەتانی دیكە دەست كەوتووە، زیاتر لە 10 ئافرەتیان ھەڵخەڵەتاندووە".
وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر روونیكردەوە: "ئەو تۆمەتبارانە كوڕ و كچەكان لە دایكبووی ساڵی نەوەدەكانن".
باسی لەوەشكرد: "ھەندێك لەو كوڕانە ھەڕەشەیان لە كچەكان كردووە ئەگەر وێنەی رووتی خۆتان نەنێرن وێنە لە نامەكانتان دەگرین و بۆ باوك و براكانتان دەنێرین".